بانکی ناوەندی عێراق ڕوونکردنەوەی لەسەر چاپکرنی دراو دا

بانکی ناوەندیی عێراق دەنگۆی چاپکردنی دراو بۆ تەمویلکردنی خەرجییەکان ڕەتدەکاتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق بە فەرمی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن بانکی ناوەندی بۆ تەمویلکردنی خەرجییە گشتییەکان دەستی بە چاپکردنی دراوی نوێ کردبێت.

لە بەیاننامەیەکدا، بانکی ناوەندی ڕوونکردنەوەی پێویستی بڵاوکردەوە و جەختی کردەوە، کە جیاوازییەکی بنەڕەتی لەنێوان “داشکاندنی حەواڵەی خەزێنە” و “چاپکردنی دراو”دا هەیە. بەپێی بەیاننامەکە، داشکاندنی حەواڵەکان ئامرازێکی دارایی جیهانییە بۆ دابینکردنی دارایی کاتی لە بەرامبەر ئامرازێکی قەرزدا کە دواتر دەگەڕێنرێتەوە، بەڵام چاپکردنی دراو واتای خستنەڕووی پارەی نوێیە بەبێ بەرامبەر کە دەبێتە هۆی هەڵاوسان و دابەزینی بەهای دینار، کە بەپێی یاسای ژمارە (٥٦)ـی ساڵی ٢٠٠٤ بە توندی قەدەغەیە.

بانکی ناوەندی جەختی کردەوە، کە ئەرکی لەپێشینەیان پاراستنی سەقامگیریی نەختینەیی و سیستەمی داراییە، نەک بەکارهێنانی وەک ئامرازێکی هەمیشەیی بۆ تەمویلکردنی خەرجییە گشتییەکان. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: “هەر بەکارهێنانێکی ئامرازە داراییەکان لە دۆخی نائاساییدا، بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو دەبێت تاوەکو کاریگەری نەرێنی لەسەر هێزی کڕینی هاووڵاتییان دروست نەبێت.”

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، بانکی ناوەندی داوای لە میدیاکان کردووە لە گواستنەوەی هەواڵە ئابوورییەکاندا وردبینی بکەن و دووپاتی کردەوە کە بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ستراتیژییەتی پاراستنی بەهای دیناری عێراقی و سەقامگیریی ئابووریی وڵات.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە