بەنزین لە سلێمانی-ش گران بوو

دوای گران بوونی نرخی بەنزین لە هەولێر و دهۆك، ئەمڕۆ لە سلێمانی-ش نرخی بەنزین گران بوو.

بەپێی بەدواداچوونی (خەڵك) ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەنزینخانەكانی سلێمانی نرخی بەنزین بۆ هەر سێ‌ جۆری (نۆرماڵ و موحەسەن و سوپەر) بڕی 50 دیناری چۆتەسەر.

بەو جۆرەش ئێستا نرخی بەنزین لە سلێمانی نۆرماڵ بووە بە 1000 دینار و لە هەولێر بووە بە 1075 دینار و لە دهۆك بووە بە 1025 دینار.

بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی رایگەیاند “ئەمڕۆ کاتژمێر ٤:٠٠ ـی دوای نیوەڕۆ هەرسێ جۆرەکەی بەنزین ٥٠ دینار چووەتە سەر نرخەکەیان، ئێستا بەنزینی نۆرماڵ بە ١٠٠٠ دینار، موحەسەن بە هەزار و ٢٠٠ دینار و سوپەر بە هەزار و ٣٥٠ دینارە”.

سەبارەت بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی وتی “سووتەمەنی لە ئێران گرانبووە و کەمتر دێتە هەرێمی کوردستان و لە هەولێریش داناگاز و لاناز ناردنی بەنزینیان بۆ سلێمانی کەم کردوەتەوە لەبەر پێویستی هەولێر خۆی بە بەنزین، حکومەتی عێرقیش لە ئێستادا کێشەی کەمی بەنزینی هەیە و پێشتر لە باشوری عێراقەوە بەنزینمان بۆ دەهات”.

ئاماژەی بەوەشكرد کە “هاتن و زیادبوونی گەشتیار و جوڵە لە سلێمانی هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخەکەیە”.

گران بوونی نرخی بەنزین لە هەرێم لەكاتێكدایە، كە شەڕی ئێران و ئەمریكا كۆتایی هاتووە و دۆخی ناوچەكە ئاسایی بۆتەوە و دەروازە سنوورییەكان كراونەتەوە.

لای خۆشیەوە، جوانڕۆ محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، “50 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیان پێدەدرێت و هەر زوو زوو 50 دینار نرخی بەنزین گران دەکەن!”.

دەشڵێت: گرانبونی بەنزین زوڵمێکی ترە و پێویستە ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە بخرێتە خزمەتی خەڵکەوە بۆ دابەزاندنی نرخی سوتەمەنی.

پێشتر بەپێی ڕێككەوتنی هەرێم و عێراق بۆ ڕادەست كردنی نەوت، ڕۆژانە بڕی 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو دەدرێتەوە بە هەرێمی كوردستان تاكو بیپاڵێوێت و نەوت و بەنزین بە نرخی هەرزان وەك عێراق بدات بە هاووڵاتیان، بەڵام تا ئێستا نرخی بەنزین لە هەرێم گرانە و وەك عێراقی لێ‌ نەكراوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە