عەلی باپیر: مەترسی لەسەر خودی قەوارەی هەرێم هەیە و پارتی و یەکێتیش لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات ناکۆکن
عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستانی بە “مەترسیدار” و “بێهیوایی” وەسف کرد و ڕەخنەی توندی ئاراستەی لایەنە حوکمڕانەکان (پارتی و یەکێتی) کرد.
لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵکدا لە دووەم رۆژی کۆڕبەندی ئابوری نێودەوڵەتیی دێڵفی رایگەیاند، “دۆخی ئێستا هیچ باش نییە و ئیرەیی پێ نابرێت. ١٨ مانگە هەڵبژاردن کراوە، کەچی پەرلەمان پەکیکەوتووە و حکومەت لە دۆخی کاربەڕێکەردایە. سەرەڕای کۆبوونەوە و کۆڕبەندەکان، دۆخەکە نەک چارەسەر نابێت، بەڵکو ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو خراپتر دەچێت.”
عەلی باپیر جەختی لەوە کردەوە، کە ئێستا مەترسییەکان تەنها لەسەر دەستکەوتەکان نین، بەڵکو مەترسی ڕاستەقینە لەسەر “خودی قەوارەی هەرێم” هەیە، بە جۆرێک پشتیوانان و وڵاتانی دراوسێ بەهۆی ئەم دۆخەوە بێزار بوون و لێمان دەکشێنەوە.
ئەمیری کۆمەڵی دادگەری پرسیارێکی ڕاشکاوانەی ئاراستەی دەسەڵاتداران کرد و وتی: “پارتی و یەکێتی کە هەموو شتێکیان بەدەستە؛ لە داهات و باجەوە تا دەسەڵات، بۆ ڕێکناکەون؟ جێگای سەرسوڕمانە کە سەرەڕای هەموو ئەو دەسەڵات و سامانەی لایانە، هێشتا نەیانتوانیوە بگەنە ڕێککەوتن.”
عەلی باپیر لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەرپرسیارێتیی ئەم دۆخە تەنها لە ئەستۆی ئەو دوو حزبە نییە، بەڵکو حکومەتی عێراقیش لە ئاست دۆخەکەدا تێڕاماوە و خەتای هەیە، هاوکات خەڵکیش بەشیکن لەم کێشەیە بەوەی دەستەوەستانن و نەبوونەتە فاکتەرێک بۆ گۆڕانکاری.
