ترەمپ مەرج بۆ ئازادکردنی سەروەتە بەستەڵەکەکانی ئێران دادەنێت و هەڕەشەی توند دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە هیچ دەستکاریکردنێک لە سەروەتە بەستەڵەکەکانی ئێران یان هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان ناکرێت، تا ئەو کاتەی “ڕێککەوتنێکی ئاشتی” واژۆ دەکرێت و ئێران “هەڵسوکەوتێکی دروست” نیشان دەدات.

ترەمپ لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ تۆڕی “ئێن بی سی نیوز” جەختی کردەوە، کە پرسی ئازادکردنی داراییەکانی ئێران بابەتێکی لاوەکییە و تەنها دوای سەرکەوتنی دانوستانەکان دەخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە بە ئامانجی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی گشتگیر، داوای ئەوە ناکات لوبنان لایەنێک بێت لە ڕێککەوتنە کورتخایەنەکانی نێوان واشنتن و تاران.

سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکە، ترەمپ ڕایگەیاند ئەگەر ڕێککەوتن بکرێت، ئەمریکا هاوکاری ئێران دەکات بۆ دەستبەسەرداگرتن و لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بەرز. بەڵام لە حاڵەتی شکستیهێنانی دانوستانەکاندا، ترەمپ هەڕەشەی “لێدانێکی سەربازیی زۆر توند”ـی کرد و وتی: “بە ڕێککەوتن یان بەبێ ڕێککەوتن، ڕێگە نادەین مەترسی لەسەر ئەمریکا دروست بێت”.

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکراشی کرد کە ئەمریکا بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی “کامێرای بۆشایی” بە وردی چاودێری دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات و ئامادەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی ماددە ئەتۆمییەکان.

ترەمپ بە ئاماژەدان بە دۆخی ناوخۆیی ئێران دوای مردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران، وتی: “سەرکردایەتییە نوێیەکە عەقڵانیتر و زیرەکترن”. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە “مجتەبا خامنەیی” ئێستا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت و ئامادەیە ڕاستەوخۆ لەگەڵیدا گفتوگۆ بکات، هەرچەندە ئاماژەی بەوەشکرد کە مجتەبا لە جەنگەکەدا بریندار بووە.

سەبارەت بە وردەکارییەکان، ترەمپ دەیەوێت بەندێکی نوێ بۆ ڕێککەوتنەکە زیاد بکات کە تێیدا ئێران نەک تەنها لە بەرهەمهێنان، بەڵکو لە “کڕین یان دەستکەوتنی هەر چەکێکی ئەتۆمی لە دەرەوە”ش قەدەغە بکرێت. سەرۆک بە پێشکەوتنی دانوستانەکان گەشبینە و پێی وایە گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی تێگەیشتن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە