قوباد تاڵەبانی: کێشەی ئێمە پۆست نییە، بەڵکو گۆڕینی فەلسەفەی حوکمڕانییە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ “میدیای یەکێتی” ڕەخنەی توندی لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئێستای هەرێم گرت و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە فەرهەنگی حوکمڕانی لە “شەخس”ـەوە بۆ “دامەزراوە” بگۆڕدرێت.
قوباد تاڵەبانی بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە، کە یەکێتی لە شێوازی ئێستای بەڕێوەبردن ناڕازییە و وتی: “کێشەی سەرەکیی ئێمە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، پۆست نییە، بەڵکو پێویستیی گۆڕینی فەلسەفەی حوکمڕانییە، ئێستا دەسەڵاتەکان لە ناوەندێکی بچووکدا کۆکراونەتەوە”. هاوکات جەختی کردەوەتەوە کە دەبێت دەسەڵات بۆ وەزارەت و شارەوانییەکان شۆڕ بکرێتەوە، نەک هەموو شتێک لەدەستی سەرۆکی حکومەتدا بێت.
سەبارەت بە دۆخی سلێمانی، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، کە شارەکە لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی گەمارۆ و غەدر بووەتەوە، بەڵام ئێستا ڕەوشەکە گۆڕاوە و بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە. ئەو جەختی کردەوە کە یەکێتی “باجێکی زۆری داوە” بۆ نەهێشتنی جیاکاریی ناوچەیی و بەردەوام دەبێت لەو خەباتە. هەروەها بە نیگەرانییەوە باسی لە بوونی “دوو ئیدارەیی” کردووە و ڕایگەیاندووە” دوو ئیدارەیی” لە هەرێمدا هەیە و دەخوازێت هەرێم ببێتە خاوەن یەک ئیدارە”، و خواستی خۆی بۆ دروستکردنی ئیدارەیەکی یەکگرتوو و یاسایەکی بودجەی ڕوون دەربڕی.
سەبارەت بە هاوبەشیی سیاسی، جێگری سەرۆک وەزیران وتی: “ئێمە دوژمنی پارتی نین، بەڵکو داوای شەراکەتی ڕاستەقینە دەکەین نەک موشارەکە”. ئاماژەشی بەوە کرد کە پەیامەکەی مەسعود بارزانی پەیامێکی جوانە و پێویستە “تەرجەمەی کردار بکرێت”.
لە ئاستی عێراقیشدا، قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە یەکێتی چیتر سەرقاڵی کێشەی ناوخۆیی نییە، بەڵکو بەشدارێکی کارایە لە داڕشتنی سیاسەتی عێراق و پێی وایە: “هەرێم کاتێک بەهێز دەبێت کە بەشدار بێت لە بڕیارەکانی بەغدا، نەک دوورەپەرێز بێت”.
لە کۆتاییدا، تاڵەبانی دووپاتی کردەوە کە یەکێتی باوەڕی پتەوی بە قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە و هەموو هەوڵەکانیان لەپێناو حوکمڕانییەکی تەندروستە بۆ خزمەتکردنی خەڵک.
