کێشە تەکنیکییەکان چارەسەرکران؛ کارەبای هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی
تیمەکانی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای ٤٨ کاتژمێر لە کارکردنی چڕ، سەرکەوتووانە کۆتاییان بە کێشە تەکنیکییەکانی وێستگە غازییەکان هێنا و بڕیارە لە ئێوارەی ئەمڕۆوە دۆخی پێدانی کارەبا ئاسایی ببێتەوە.
دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی پرۆسەی چاککردنەوەی یەکەکانەوە بەرهەمهێنان کەمی کردبوو، بە هاوکاتی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی خواست لەسەر بەکارهێنانی فێنککەرەوەکان، هاووڵاتییان ڕووبەڕووی پچڕانی کارەبا ببوونەوە.
پرۆژەی ڕووناکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پشتڕاستکردنەوەی چارەسەرکردنی گرفتەکان، ڕایگەیاند کە سەرجەم کێشەکان چارەسەر کراون و بەرهەمهێنانی کارەبا گەڕاوەتەوە ئاستی جاران، بەمەش بەرنامەی پێدانی کارەبای نیشتمانی لەم کاتژمێرانەی داهاتوودا ئاسایی دەبێتەوە.
