شاندی هەرێمی کوردستان بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی جێبەجێکردنی سیستمی گومرگی (ئەسیکۆدا) و پشکی هەرێم لە بودجە و مووچە دەچێتەوە بەغدا، بڕیاریشە سبەینێ گفتوگۆکان لەسەر ئەو دوو پرسە دەستپێبکەنەوە.
د. دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێم لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاند، سبەینێ شاندی هەرێم، كە پێكهاتوون لە وەزارەتەكانی دارایی و ناوخۆ و پلاندانان دەچێتەوە بەغدا و ڕۆژی دوو شەممەش كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ئابووری عێراق هەیە.
وتیشی، “گفتوگۆكان زیاتر تایبەتن بە سیستمی گومرگی ئەسیكۆدا و چەند خاڵێكی ناكۆك لەنێوان هەرێم و فیدڕاڵ هەیە و تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن و بڕیارە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ئابووری هەوڵی چارەسەركردنی بدرێت”.
سەبارەت بە ناكۆكییەكان ڕوونی كردەوە، لە سیستمی ئەسیكۆدا دەروازە سنوورییەكان بە دیجیتاڵی دەكرێن و بۆ نمونە، ئەو پارەیەی لە دەروازەی سنووری وەردەگیرێت كە داهاتی هەرێمە و بەشێكی هی حكومەتی فیدڕاڵییە و كێشەكە لەوەیە چۆن پارەكە بدرێت و بچێتە سەر كام هەژمار، كە هەرێم دەڵێت، دەبێت بچێتە سەر هەژماری حكومەتی هەرێم و بەشی فیدڕاڵی دواتر بنێردرێت.
یەکێک لە تەوەرەکان تایبەت دەبێت بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان، کە تایبەتە بە بەڕێوەبردن و بەدیجیتاڵیکردنی دەروازە سنوورییەکان و کۆکردنەوەی پارەی گومرگ، لەگەڵ پێدانی دۆلار بە بازرگانانی کوردستان بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی (100 دۆلار بە 132 هەزار دینار).
پرسی دابەشکردنی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان لە نێوان هەولێر و بەغدا و کەمکردنەوەی 120 ملیارەکە یەکێکی تر لە تەوەری گفتوگۆکان دەبێت، حکومەتی کوردستان داوای کەمکردنەوەی 120 ملیار دینارەکە دەکات، ئەمەش پێویستی بە ڕێککەوتنێکی نوێیە لە نێوان هەولێر و بەغدا.
