لە سلێمانی دایکێک و کۆرپەکەی لە مردن ڕزگار کران

جەنگی پزیشکان لەگەڵ کاتدا؛ لە سلێمانی دایکێک و کۆرپەکەی لە مردن ڕزگار کران

 لە کارێکی پزیشکیی دەگمەن و خێرادا، تیمە پزیشکییەکانی نەخۆشخانەی شاری فریاکەوتنی فێرکاری لە سلێمانی، توانییان ژیانی ئافرەتێکی دووگیان و کۆرپەکەی لە مردن ڕزگار بکەن، دوای ئەوەی دایکەکە تووشی ڕووداوێکی سەختی هاتوچۆ ببوو.

ئافرەتەکە کە تەمەنی سکپڕییەکەی ٣٧ هەفتە (کۆتایی مانگی نۆیەم) بووە، بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە بەپەلە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی شار. بەهۆی مەترسیی ڕووداوەکە لەسەر ژیانی هەردووکیان، دەستبەجێ هەماهەنگی لەگەڵ نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی کراوە و تیمێکی پزیشکیی بەئەزموون بە سێتی تەواوی نەشتەرگەرییەوە گەیشتوونەتە نەخۆشخانەی شار بۆ ئەنجامدانی فریاگوزاریی خێرا.

بەهۆی هەستیاریی دۆخی کۆرپەکەوە، تیمە پزیشکییەکە بڕیاری نەشتەرگەرییەکی فریاگوزاریی خێرایان دا. لە قۆناغی یەکەمدا، بە سەرکەوتوویی کۆرپەکە لە سکی دایکی دەرهێنرا و ژیانی لە مەترسی ڕزگار کرا.

دوای دڵنیابوونەوە لە جێگیربوونی دۆخی تەندروستیی کۆرپە نوێبووەکە، قۆناغی دووەمی پڕۆسەکە دەستیپێکرد، کە تێیدا تیمەکانی بەشی شکاوی و نەشتەرگەریی گشتیی نەخۆشخانەی شار، نەشتەرگەرییەکی دیکەیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو شکاوییانە ئەنجامدا کە لە ڕانی دایکەکەدا بەهۆی ڕووداوەکەوە دروست ببوون.

ئەم پڕۆسە پزیشکییە کە بە هەماهەنگیی نێوان چەند تیمێکی جیاواز ئەنجامدرا، وەک سەرکەوتنێکی گەورە لە بواری فریاگوزاریی خێرادا لە سلێمانی هەژمار دەکرێت و بووە هۆی ڕزگارکردنی ژیانی دوو مرۆڤ لە کارەساتێکی دڵتەزێن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە