کارەسات لە بیابانی جەزائیر: نزیکەی ٥٠ کۆچبەر بە تینوێتی گیانیان لەدەستدا
کارەساتێکی مرۆیی دڵتەزێن لە بیابانەکانی باکووری وڵاتی جەزائیرڕوویدا، کە تێیدا نزیکەی ٥٠ هاووڵاتی بەهۆی پەککەوتنی ئۆتۆمبێلەکەیان و مانەوەیان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە بەر گەرمایەکی تاقەتپڕووکێن، گیانیان لەدەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ئەو هاووڵاتییانە لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگرەوە لە شارۆچکەی “تەلهاندەک”ـی وڵاتی مالییەوە بەڕێکەوتبوون بۆ جەزائیر، دوای ئەوەی بەشدارییان لە جەژنی قورباندا کردبوو. بەڵام ئۆتۆمبێلەکە لە ڕێڕەوی خۆی لایداوە و لە ناوچەیەکی دوورەدەست لە بیابانی گەورەدا پەکیکەوتووە.
سەرۆکی هەرێمی “ئاگادێز” ڕایگەیاند کە سەرنشینەکان و شۆفێرەکە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک هەوڵی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەیان داوە، بەڵام هەوڵەکانیان بێسوود بووە. لەم کارەساتەدا، تەنیا دوو سەرنشین توانیویانە بە پێ بەناو بیابانەکەدا بڕۆن تا گەیشتوونەتە ناوچەی “ئاساماکا” لە نزیک سنووری جەزائیر و هێزە ئەمنییەکانیان لە ڕووداوەکە ئاگادار کردووەتەوە.
شایانی باسە، شوێنی ڕووداوەکە زیاتر لە ٨٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژاوای خاڵی سنووری “ئاساماکا” دوورە، کە ناوچەیەکی وشک و بێ ئاوە و ئەمەش وایکردووە قوربانییەکان بەهۆی تینوێتی و پلەی گەرمای بەرزەوە گیانیان لەدەست بدەن.
دەسەڵاتدارانی نەیجەر لە کاتێکدا گیانلەدەستدانی ئەو ٥٠ کەسەیان پشتڕاستکردەوە، ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم ڕووداوە یەکێکە لە کارەساتە هەرە تراژیدییەکان کە بەهۆی کێشەی تەکنیکی و دووری شوێنەکان لەو ناوچانەدا ڕوودەدات.
