شاری سلێمانی بۆ جاری دووەم میوانداریی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی دیڵفی دەکات، کە تیایدا سەرۆکک ۆماری عێراق و چەندین سەرکردەی باڵای وڵاتانی ئەورووپا و ناوچەکە بەشدارن بۆ تاووتوێکردنی دۆخی سیاسی و ئابووری.
ئەمڕۆ کارەکانی دووەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی دیڵفی لە شاری سلێمانی دەستپێدەکات و بڕیارە چالاکییەکانی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بن. سیمۆن سۆمۆکس، بەڕێوەبەری کۆڕبەندەکە ڕایگەیاند، ئەجێندای ئەمساڵ پڕە لە دیدار و پانێڵ کە تیایدا تیشک دەخرێتە سەر دۆخی ناوچەکە، بەرەوپێشچوونە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو ئاستەنگییانەی لە بەردەم گەشەپێداندا هەن.
لە کۆڕبەندەکەدا ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسیی باڵا بەشدارن، لەوانە نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق، ئەحمەد داود ئۆغڵو، سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا، وەزیری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی یۆنان، لەگەڵ جێگرانی سەرۆک وەزیرانی وڵاتانی بولگاریا و ڕۆمانیا. سەفین غەفوور، ڕاوێژکاری قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەبوونی ئەم شاندە دیپلۆماسییانە لەم کاتەدا، نیشانەی بڕوای تەواوی جیهانە بە کاریگەریی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوچەکە.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆڕبەندەکە پرسی وەبەرهێنانە. سەفین غەفوور، ڕایگەیاند، ئەو شاندانەی هاتوونەتە سلێمانی چەندین وەبەرهێنەری گەورەیان تیادایە کە چاویان لەسەر بازاڕی کوردستانە. ئامانجەکە ئەوەیە شاری سلێمانی بکرێتە ناوەندێکی ئابووریی بەهێز لە ناوچەکەدا. سیمۆن سۆمۆکس ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی سەرکەوتنی کۆڕبەندی دیڵفی لە یۆنان کە 3500 بەشداربووی هەبوو، بڕیاریان داوە ئەم ئەزموونە لە سلێمانی و چەند شارێکی دیکەی جیهان دووبارە بکەنەوە.
کۆڕبەندی دیڵفی ساڵانە لە مانگی چوار لە شاری دیڵفی وڵاتی یۆنان بەڕێوەدەچێت. ڕێکخەرانی کۆڕبەندەکە ئاشکرایان کرد، دوای بەشداریی قوباد تاڵەبانی لە کۆڕبەندی یۆنان و ڕێکخستنی چەندین دیدار لەگەڵ سەرکردەکانی ئەورووپا و وەبەرهێنەران، بڕیاری گواستنەوەی بەشێک لە چالاکییەکان بۆ سلێمانی دراوە، تاوەکو ببێتە سەکۆیەک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان.
