پڕۆسەی گەڕانەوەی حاجیانی هەرێمی کوردستان لە شانشینی عەرەبی سعوودیەوە دەستیپێکرد، بە جۆرێک ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجیان بە ڕێگەی وشکانی بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتن.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، جگە لەو کاروانەی بە وشکانی گەڕاونەتەوە، بڕیارە سبەی هەینی (1029) حاجی دیکە بگەنەوە هەرێمی کوردستان.
هاوکات فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی, بە میدیای سەر بە یەکێتی ڕایگەیاندووە، سبەی یەکەم کاروانی حاجیانی سلێمانی دەگەنەوە فڕۆکەخانەکە، کە ژمارەیان (294) حاجییە و ئەمانەش دەبنە یەکەم کاروانی حاجیان کە لە ڕێگەی ئاسمانییەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
بەپێی ئەو خشتەیەی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەوە دیاریکراوە، پڕۆسەی گەڕانەوەی سەرجەم حاجیانی هەرێمی کوردستان ماوەی شەش ڕۆژی دەخایەنێت.
