حیزبوڵڵای عێراق: چەک دانانێین

کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق ڕەتیدەکاتەوە چەک دابنێت و هەڵوێستی خۆی لەبارەی گرووپە چەکدارەکان ڕاگەیاند

گرووپی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، بە فەرمی ڕەتیکردەوە هیچ جۆرە چەکێک ڕادەستی حکومەتی عێراق بکات. گرووپەکە بە توندی جەختی لەوە کردەوە کە “تەنانەت یەک فیشەکیش ڕادەست ناکەن، مەگەر ئیمامی مەهدی بێت و چەکەکانیان ڕادەستی ئەو بکەن”.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، کەتائیبی حیزبوڵڵا ئاماژەی بەو کەسانە کرد کە پێشتر چەک و بارەگاکانیان ڕادەستی حکومەتی عێراق کردووە، ڕایگەیاند ئەو کەسانە هیچ پەیوەندییەکیان بە “بەرگریی ئیسلامییەوە” نەبووە و لە ماوەیەکی زۆرە هیچ چالاکییەکیان دژی هێزەکانی ئەمریکا ئەنجام نەداوە.

گرووپەکە جەختی کردەوە کە ئەو بڕیارانەی بۆ ڕادەستکردنی چەک دراون، پەیوەندییان بە “بەرگریی ئیسلامییەوە” نییە. هاوکات داوای لەو گرووپانە کرد پرۆسەی ڕادەستکردنی چەکەکانیان خێرا بکەن، بە مەبەستی پاراستنی ئەوەی بە “یەکڕیزی” ناوی برد.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، کەتائیبی حیزبوڵڵا دووپاتی کردەوە کە پێنج فەوجەکەی سەر بە “بەرگریی ئیسلامی” و “لیوای کەربەلا” بە یەکگرتوویی دەمێننەوە. هەروەها ڕایانگەیاند کە بەردەوام دەبن لە ئەرکەکانیان تا ئەو کاتەی بە وتەی ئەوان “داگیرکاری و پێشێلکردنی سەروەریی عێراق” بەردەوام بێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە