تۆماری کۆمپانیاکان بەکارهێنانی پێشگرە ئایینییەکان لە تابلۆ بازرگانییەکاندا قەدەغە دەکات

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، بەکارهێنانی پێشگرە ئایینییەکانی وەک “شێخ، مەلا و سەید”ـی لە تابلۆ و شوێنە بازرگانییەکاندا بەتەواوی قەدەغە کرد.

بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەپێی پەیڕەوی ژمارە (15)ـی ساڵی 2022، تۆمارکردنی هەر ناوێکی ئایینی بۆ شوێن، کۆمپانیا و تابلۆ بازرگانییەکان بەبێ جیاوازی قەدەغەیە و سەرجەم شوێنە بازرگانییەکانیش دەگرێتەوە.

بەپێی بڕیارەکە، هەر کەسێک بەبێ مۆڵەت و تۆمارکردنی فەرمی ئەو ناوانە بۆ کاری بازرگانی بەکاربهێنێت، ڕووبەڕووی سزای دارایی دەبێتەوە کە بڕەکەی لە 100 هەزار دینارەوە دەست پێدەکات تاوەکو یەک ملیۆن دینار. هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە ناوی بازرگانییەکە بەتەواوی لەگەڵ جۆری کار و شوێنەکەدا بگونجێت.

سەبارەت بەو شوێنانەی کە پێش دەرچوونی ئەم پەیڕەوە مۆڵەتی فەرمییان وەرگرتووە و ناوی ئایینییان بەکارهێناوە، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان ڕوونی کردەوە کە بڕیارەکە نایانگرێتەوە و هیچ ڕێکارێکی یاساییان بەرامبەر ناگیرێتەبەر، چونکە تۆمارکردنەکەیان پێش دەرچوونی یاساکە بووە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە