وەزارەتی تەندروستی فرۆشتنی جۆرێکی “قاوەی چوکلێتی” قەدەغە دەکات

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی فرۆشتنی جۆرێک لە “قاوەی چوکلێتی” کە بە مەبەستی دابەزاندنی کێش لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە دەرکەوت ئەو جۆرە قاوەیە مادەیەکی مەترسیداری بەناوی (Sibutramine) تێدایە. پسپۆڕانی خۆراک ئاماژە بەوە دەکەن کە زیادکردنی ئەم مادەیە بەشێوەیەکی شاراوە بۆ بەرهەمەکانی کەمکردنەوەی کێش، مەترسییەکی گەورە لەسەر تەندروستی هاووڵاتییان دروست دەکات.

کاریگەرییە تەندروستییە مەترسیدارەکانی ئەم مادەیە بریتین لە:

  • بەرزبوونەوەی فشاری خوێن.

  • خێرابوونی لێدانی دڵ.

  • زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان.

  • سەرئێشە، سەرسوڕان، نیگەرانی و تێکچوونی خەو.

  • وشکبوونی دەم.

  • لە حاڵەتی مەترسیداردا، دەبێتە هۆی ڕووداوی دڵیی گەورە و وەستانی دڵ.

لەشکر حەمید، پسپۆڕی خۆراک، ڕایگەیاندووە کە بەهۆی ئەو مەترسییانەوە، مادەی “سیبوترامین” لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا لە بازاڕەکان کێشراوەتەوە یان بەتەواوی قەدەغە کراوە. هەروەها هۆشداری داوەتە هاووڵاتییان کە بەشێکی زۆری ئەو قاوە و چایانەی بە ناوی دابەزاندنی کێشەوە دەفرۆشرێن، کاریگەری نەرێنی و مەترسیداریان بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ هەیە.

بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستی لەلایەن پسپۆڕان و هاووڵاتییانەوە بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی مادەی زیانبەخش لە خواردن و خواردنەوەکاندا لە قەڵەم دەدرێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە