“پێزانینمان بۆ سیاسەتی حەکیمانەی هەرێمی کوردستان هەیە کە نەبووە بەشێک لە شەڕ”

باڵیۆزی تورکیا ڕایگەیاند وڵاتەکەی “پێزانینی بۆ دانبەخۆداگرتن و سیاسەتی حەکیمانەی هەرێمی کوردستان هەیە کە وێڕای بوونی هەوڵ بۆ تێوەگڵاندنی هەرێم و بوونی دەستدرێژی و بۆردومانی بەردەوام، بەڵام هەرێم بە هەموو شێوەیەک هەوڵی دا نەبێتە بەشێک لەو شەڕ و گرژییانەی لە ناوچەکەدا ڕووی دا”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی یدموکراتی کوردستان پێشوازی لە ئانڵ بۆرا ئینان باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد.

بارەگای بارزانی ڕایگەیاند، لە دیدارەکەدا، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و شەڕ و گرژییەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا و تێیدا “باڵیۆزی تورکیا پێزانینی وڵاتەکەی بۆ دانبەخۆداگرتن و سیاسەتی حەکیمانەی هەرێمی کوردستان نیشان دا کە وێڕای بوونی هەوڵ بۆ تێوەگڵاندنی هەرێم و بوونی دەستدرێژی و بۆردومانی بەردەوام بۆ سەر هەرێم، بەڵام هەرێم بە هەموو شێوەیەک هەوڵی دا نەبێتە بەشێک لەو شەڕ و گرژییانەی لە ناوچەکەدا ڕووی دا”.

لە بەشێکی ئەو دیدارە باس لە بارودۆخی دوای پێکهێنانی حکومەتی عێراقی و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەروەها پەیوەندیی نێوان پارتی و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرا.

بە پێی ڕاگەیەندراوەکە “هەردوولا هیوای ئەوەیان خواست کە هەوڵەکان بە ئاقاری چارەسەرکردنی کێشەکان و هەماهەنگیی تەواو لەبوارە جیاجیاکان و نەهێشتنی گرفتەکاندا بچن”.

هەر لەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەکانی نێوان عێراقی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان و تورکیا و “گفتوگۆ لەبارەی دەرئەنجامەکانی دوایین سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا کرا و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەردوولا کرایەوە”.

بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکان بۆ وەگەڕخستنی پڕۆسەی سیاسی تەوەری تری ئەو دیدارە بوو.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە