وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە لێدوانی ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئێستا و پێشووی پەرلەمانی کوردستان لەسەر داهاتی ناوخۆ و دەروازە سنوورییەکان ڕوونکردنەوە دەدات کە پاش چاوپێکەوتنێکی، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی داویانە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی ڕوونکردنەوەکەی بە ئایەتێکی قورئانی پیرۆز دەستپێکردووە کە دەفەرموێت: “ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتان هێناوە! ئەگەر کەسێکی بەدکار و تاوانبار (فاسق) هەواڵێکی بۆ هێنان، دەستبەجێ باوەڕی پێ مەکەن و لێی بکۆڵنەوە و ڕاستی و دروستییەکەی دڵنیا ببنەوە؛ نەوەکو لەنەزانینەوە زیان بە کۆمەڵێک خەڵک بگەیەنن و (توشی نەهامەتییان بکەن)، لەسەر ئەو کارەیش کە کردووتانە پەشیمان ببنەوە”.
وەزارەتی دارایی ڕەتیدەکاتەوە کە پێشتر ڕایانگەیاندبێت داهاتی مانگانەی ناوخۆ 400 ملیار دینار بووبێت و دەڵێت: “ئەو قسەیە هیچ بنەمایەکی نییە و هیچ کات وەزارەتی دارایی ئەو ئامارەی بڵاونەکردووەتەوە، داهاتی ناوخۆ ژمارەیەکی جێگیر نییە و مانگانە بەرز و نزم دەکات”.
هەروەها دەڵێت: “بەخشتەیەک داهاتی ناوخۆی حەوت ساڵی ڕابردوو دەخەینەڕوو کە مانگانە لە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە تۆمار کراوە و لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە وردبینی بۆ کراوە و وەزارەتی دارایی عێراقیش هیچ ڕەخنەیەکی لێی نەبووە”.
سەبارەت بە داهاتی خاڵە سنوورییەکانیش وەزارەتی دارایی ڕەتیدەکاتەوە داهاتی خاڵە سنوورییەکان مانگانە لە 140 ملیار دینارەوە بووبێت و ئێستا بووبێت بە 40 ملیار و لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “داهاتی خاڵەسنوورییەکانیش هاوشێوەی داهاتەکانی تر بەردەوام لەگۆڕاندایە، لە ڕابردوو هەر ژمارەیەک بووبێت لە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە دەرکەوتووە و تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان خۆیان لە گومرگ و دەروازەکان وردبینیان کردووە و ژمارەکانیان لە بەردەست بووە، وەهیچ لایەنێکی فەرمی و یاسایی ڕەخنەیان لێی نەبووە”.
ڕاشیگەیاند، “بۆ هەموو ئەوانەی داتاو زانیاری ناڕاست بڵاو دەکەنەوە، لامان سەیرە ئەو بەڕێزانە تا ئێستا ئاگاداری دۆخ و فشار و ئابڵوقەی سەر هەرێم نین، هەروەک ئەوەی لێرە نەژین، لە هەموو بوارەکانی باج و گومرگ و بیمە و هتد….کە فشارێکی ئابووری و بازرگانی توندی لەسەر هەرێم داناوە”.
وەزارەتی دارایی دەڵێت: “سەرباری شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە کاریگەریەکانی گەیشتووەتە سەرتاسەری دنیا و کاریگەری ڕاستەوخۆشی لەسەر عێراق کردووە، بە چ لۆژیکێک کاریگەری لەسەر هەرێم جێناهێڵێت؟”.
ئەوەشی ختووەتەڕوو کە ڕاستیەکە ئەوەیە “هەروەک بەپێی داتا و زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە دەرکەوتووە بەنزیکەیی لە ٧٠٪ داهات کەمبووەتەوە”.
لە ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی داراییدا ئاماژە بە بەشێکی دیکەی قسەکانی ئاوات شێخ جەناب دەکات کە باسی لە داهاتی هاتووچۆ کردووە و و دەڵێت: “سەرباری ئەوەی سەرچاوەی زانیارییەکانی لای ئێمە ڕوون نییە و وەزارەتی دارایی / ژمێرکاری لێی بەرپرس نییە، ژمارەکە هەرچەندێک بێت مانای ئەوە نییە ئەوە داهاتی کۆتاییە و دەچێتە خەزێنەی گشتییەوە، بەڵکو بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان وەزارەتی ناوخۆ و چەند وەزارەتێكی تر بەشێک لە داهاتیان بۆ خۆیان دەبێت ( بۆ پێداویستیەکانیان بەپێی تایبەتمەندییان) ، ئەوەی دەمێنێتەوە لەو ڕێژەیە دەبێتە داهاتی کۆتایی”.
سەبارەت بە داهاتی کارەبا کە باس لەوە کراوە مانگانە 90 ملیار دینار بێت، وەزارەتی دارایی دەڵێت: ” بەشێکی ئەم ژمارەیە کە ئێمە لێی دڵنیا نین، قەرزی فرۆشتنی کارەبایە لای هاووڵاتیان و کۆمپانیاکان، بڕێکی تریشی تایبەتە بەکرێی فرۆشتنی کارەبا بە وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان کە بە تەنها چەک و مەقاسەیە لەنێوان وەزارەتەکان، واتە وەک ژمارە دەردەکەوێت بەبێ بوونی کاش ئەوەی دەمێنێتەوە وەک کاش بەكردەیی بەکار دەهێنرێت کە زۆر لەو 90 ملیارە کەمترە، ئەوە سەرباری ئەوەی بەشێک لە داهاتی کارەبا ڕاستەوخۆ دەدرێتەوە بەخۆیان بەمەبەستی بەکارهێنانی تێچووی چاکكردنەوەی وێستگەکان و محاویلە و تۆڕەکانی گەیاندنی کارەباو …….هتد”.
وەزارەتی دارایی دەڵێت: “لە کۆتایدا پرسیار لەو بەڕێزانە دەکەین بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و چەواشەکردن کێ لێی سوودمەندە؟”.
دووپاتیشی دەکاتەوە کە “لە چەند ساڵی ڕابردوودا دیوانی چاودێری دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی فیدراڵ لارییان لەم زانیاریانەی حکومەتی هەرێم نەبووە ، جێگەی سەرسوڕمان و تێڕامانە ئەم بەڕێزانە(ی کە ئەو هەواڵانە بڵاودەکەنەوە) بۆ لە مەلیک مەلیک ترن”.
هاوپێچ؛ خشتەی داهاتی ناوخۆی هەرێم بەپێی ساڵەکانی 2019 تا 2025ە لەگەڵ پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵ کە بۆ بەغداد نێردراوە

