تۆمارکردنی وەرزێکی پێوانەیی لە بارانبارین، بووەتە هۆی سەرڕێژبوونی زۆربەی بەنداو و پۆندەکانی هەرێمی کوردستان، لە نێوانیاندا بەنداوی بێدوهێ کە دەکەوێتە دەڤەری بەرواری باڵا له سنووری شارۆچکەی ئامێدی و بووەتە یەکێک لە دڵگیرترین دیمەنە سروشتی و گەشتیارییەکانی پارێزگای دهۆک.
لەنێو گەلیێکی قووڵی پڕ لە سەوزایی و دیمەنی سەرەنجراکێشی دەڤەری بەرواری باڵا لە پارێزگای دھۆک، بەنداوی گەلی بێدوھێ بە توانای کۆکردنەوەی ١.٨ ملیۆن مەتر سێجا ئاو وەک یەکێک لە شاکارە سروشتی و گەشتیارییەکانی ناوچەکە خۆی دەنوێنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەھۆی بارانە زۆرەکەی ئەمساڵەوە، کە ڕێژەکەی گەیشتە زیاتر لە دوو ھێندەی وەرزی بارانبارینی پێشوو، زۆربەی ھەرە زۆری پۆند و بەنداوەکانی پارێزگای دھۆک و دەوروبەری سەرڕێژ بوون.

لە ھەرێمی کوردستان تەنیا سێ بەنداوی گەورە و ستراتیجی ھەن، ئەوانیش بەنداوەکانی (دووکان، دەربەندیخان و دھۆک)ن کە دوویان لەسەر ئاوی ڕووبارە ھەمیشەییەکانن و توانای گلدانەوەی زیاتر لە ١٠ ملیار مەتر سێجا ئاویان ھەیە، لە کۆی ٢٩ بەنداوی ھەرێمی کوردستان، ٢٣ دانەیان بە تەواوی پڕ بوونەتەوە و لە بەنداوە ستراتیژییە گەورەکانیش تەنیا بەنداوەکانی دووکان و گۆمەسپان ماون بگەنە لوتکەی پڕبوونیان، کە بەنداوی دووکانیش چەند سانتیمترێکی ماوە بۆ سەرڕێژبوون.

لە پارێزگای دھۆک چەندین بەنداوی ستراتیژی ھەن؛ لەوانەش بەنداوی دھۆک کە توانای گڵدانەوەی ٥٢ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی ھەیە، لەگەڵ بەنداوی ‘خنس’ لە شارۆچکەی شێخان کە بە دووەم گەورەترین بەنداوی پارێزگاکە دادەنرێت و توانای کۆگاگردنی ٧ ملیۆن مەتر سێجای ھەیە، ھاوکات بەنداوی ‘کەشکان’ لە سنووری شارۆچکەی سێمێل بە توانای ١.٢ ملیۆن مەتر سێجا، لەپاڵ بوونی زیاتر لە ٥٠ پۆندی ئاو لە تەواوی سنوورەکەدا، پێگەیەکی بەھێز و ستراتیژییان بە کەرتی سەرچاوە ئاوییەکان بەخشیوە.

