دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە (٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦) ڕایگەیاند، ئێران ڕازی بووە بەوەی چەکی ئەتۆمیی نەبێت، ئەم لێدوانەش لە کاتێکدایە کە گفتوگۆ و مشتومڕە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پەیوەست بەو پرسەوە ڕوویان لە زیادبوون کردووە.
تڕەمپ لە لێدوانێکدا وتی: “دۆخەکە لەگەڵ ئێران بە خێرایی لە گەشەکردندایە و زۆر باش دەبێت”، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە “ئێران ڕازی بووە بەوەی چەکی ئەتۆمیی نەبێت”.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، “ڕابەری ئێران بەشداری لە گفتوگۆکانی ئێستای نێوانمان دەکات و لەوانەیە لە کاتێکدا لەگەڵیدا کۆببمەوە”، وتیشی: “نرخی گاز لە داهاتوویەکی نزیکدا دادەبەزێت”.
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو کە “دەوترێت ڕابەری باڵای ئێران ڕەزامەندیی خۆی لە گفتوگۆکاندا دەردەبڕێت”، لە هەمان کاتدا ڕوونیکردەوە کە “ململانێی بەردەوامی نێوان نەتەنیاهۆ و لوبنان نیگەرانم دەکات”.
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لەسەر پرسی ئەتۆمی بەردەوامە؛ لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین هەوڵ دراوە بۆ ژیاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی یان گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی نوێ کە چالاکییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم سنووردار بکات لە بەرامبەر سووککردنی سزاکاندا. دۆسیەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران هێشتا وەک یەکێک لە دیارترین دۆسیەکانی ململانێ لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و هەرێمیدا ماوەتەوە، لە کاتێکدایە جیاوازییەکی زۆر لە هەڵوێستەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکاندا هەیە.
