دۆزینەوەی سوودی چاوەڕواننەکراوی ڕووەکی جیسینگ بۆ تەندروستی

توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری “Nutrients” بڵاوکراوەتەوە، دەریدەخات کە ڕووەکی جیسینگ (Ginseng) ماددەی تێدایە کە تەندروستی ڕیخۆڵە باشتر دەکات و پشتگیری لە کارەکانی مێشک دەکات.

توێژەران لەم توێژینەوەیەدا دەیان لێکۆڵینەوەیان شیکردۆتەوە کە پەیوەستن بە جیسینگ و کاریگەرییەکەی لەسەر ئەوەی پێی دەوترێت “تەوەرەی ڕیخۆڵە-مێشک”. دەرکەوتووە کە ماددەکانی (جیسینۆساید)، (پۆلی ساکاراید) و ماددە چالاکەکانی دیکەی ناو ئەم ڕووەکە، پێکهاتەی بەکتریا سوودبەخشەکانی ڕیخۆڵە باشتر دەکەن. هەروەها کاریگەرییان لەسەر بەرهەمهێنانی گەیەنەرە دەمارییەکان و ئەو پرۆسە بەرگرییانە هەیە کە تەندروستی ڕیخۆڵە بە کارەکانی کۆئەندامی دەمارەوە دەبەستنەوە.

زانیارییەکان سەبارەت بە کاریگەری جیسینگ لەسەر نەخۆشی هەوکردنی ڕیخۆڵە بەڵێن بەخش بوون. لە تاقیکردنەوەکاندا لەسەر ئاژەڵانی تاقیگە، پێکهاتە چالاکەکانی ئەم ڕووەکە زیانەکانی پەردەی لینجەپۆشی ڕیخۆڵەیان کەمکردۆتەوە، گەشەی بەکتریا سوودبەخشەکانیان لە ڕیخۆڵەدا بەهێز کردووە و چالاکی ڕێڕەوەکانی هەوکردنیان دابەزاندووە. کاریگەریی هاوشێوە لەسەر نموونەی نەخۆشییەکانی ئەلزەهایمەر، پارکینسۆن، خەمۆکی، قەڵەوی و شەکرە تێبینی کراوە، کە تیایاندا باشتربوونی تەندروستی ڕیخۆڵە هاوتەریب بووە لەگەڵ گۆڕانکاری ئەرێنی لە کارەکانی مێشک و پرۆسەکانی ئاڵوگۆڕی ماددە لە لەشدا.

توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم داتایانە لە تاقیکردنەوە تاقیگەییەکان و قۆناغەکانی پێش کلینیکییەوە سەرچاوەیان گرتووە، بۆیە پێویستی بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی کلینیکی بەرفراوان هەیە بۆ پشتڕاستکردنەوەی کاریگەری ئەم ڕووەکە لەسەر تەندروستی مرۆڤ و دیاریکردنی ژەمە گونجاوەکانی بەکارهێنانی. هەروەها ئاماژەیان بەوەشکردووە کە جیسینگ بە یەکێک لە بەڵێن بەخشترین ڕێکخەرە سروشتییەکان دادەنرێت بۆ کاریگەری خستنە سەر کارەکانی ڕیخۆڵە و مێشک.

جێگەی باسە جیسینگ یەکێکە لەو ڕووەکانەی کە لە پزیشکی میللیدا ناسراوە و بۆ بەهێزکردنی لەش لە حاڵەتەکانی ماندوێتی درێژخایەندا بەکاردێت. هەروەها هەندێک توێژینەوە دەریانخستووە کە ئەو پێکهاتانەی لەم ڕووەکەدا هەن، بەرگری لەش بەهێز دەکەن و یارمەتی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە دەدەن.

سەرچاوە: لینتارو

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە