ڕاپۆرتی پزیشکیی تایبەت بە دۆخی تەندروستی تڕەمپ خرایەڕوو

بەرپرسێکی باڵای پزیشکی لە ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد تڕەمپ، ڕایگەیاند کە سەرۆک لە دۆخێکی تەندروستی “سەرنجڕاکێش و مۆدێرن” دایە، ئەمەش پاش ئەوەی پشکنینە پزیشکییە خولییەکان نەیانتوانیبوو بە تەواوی ئەو گومان و پرسیارانە بڕەوێننەوە کە لەسەر دۆخی جەستەیی ئەو دروست ببوون.

 

محەمەد ئۆز، بەڕێوەبەری سەنتەرەکانی چاودێری و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی بە توندی بەرگریی لە دۆخی تەندروستی دۆناڵد تڕەمپ کرد، پاش ئەوەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو ڕاپۆرتی فەرمی پزیشکی لەسەر باری تەندروستی سەرۆک بڵاوکرایەوە.

 

دکتۆر ئۆز، کە ناوبانگەکەی بۆ پێشکەشکردنی بەرنامە تەلەفزیۆنییە بەناوبانگەکەی “The Dr. Oz Show” بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ دەگەڕێتەوە، لەبەردەم ڕۆژنامەنووساندا ڕایگەیاند: “ئەگەر سەیری ئەم تۆمارە پزیشکیانە بکەن، دەبینن کە بە ڕاستی سەرنجڕاکێش و متمانەپێکراون.”

ئەو پزیشکە باڵایە وتیشی: “ئەم قەبارە گەورەیە لە وزە و ئەم ئاستە بەرزە لە تەرکیز و توانای مێشکی لە بۆشاییەوە نەهاتوون؛ سەرۆک خاوەنی توانایەکی بێوێنە و تایبەتە بۆ بەردەوامبوون لەسەر کارەکانی بە چالاکی.”

 

جێی ئاماژەیە، دۆناڵد تڕەمپ کە لە 14ی حوزەیرانی ئەمساڵدا تەمەنی دەبێتە 80 ساڵ، بە بەتەمەنترین کەس دادەنرێت کە تا ئێستا پۆستی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای وەرگرتبێت، هەر ئەمەش وایکردووە تەندروستی ئەو هەمیشە لەژێر چاودێری میدیاکاندا بێت.

 

لە ڕاپۆرتی پزیشکی هەفتەی ڕابردوودا هاتبوو کە تڕەمپ لە دۆخێکی تەندروستی “نایاب” دایە، بەڵام پێویستی بەوەیە کێشی جەستەی کەم بکاتەوە.

 

هاوکات، دکتۆر ئۆز لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕادەست بەو پرسیارانە نەبوو کە ڕەخنەیان لەوە دەگرت بۆچی تڕەمپ لە ماوەی 13 مانگی ڕابردوودا سێ پشکنینی پزیشکی “ساڵانە”ی ئەنجامداوە، لە کاتێکدا جۆ بایدن، سەرۆکی پێشوو، ساڵانە تەنها یەک پشکنینی دەکرد.

ئۆز لەمبارەیەوە وتی: “من پێم وایە ئەو تەنها دەیەوێت بە تەواوی دڵنیا بێتەوە لەوەی هەموو شتێک بە باشی بەڕێوە دەچێت، چونکە تڕەمپ کەسێکی زۆر وردبینە.”

 

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە لە ماوەی ڕابردوودا دەرکەوتنی هەندێک نیشانە وەک شینبوونەوەی دەستەکانی تڕەمپ، ئاوسانی پاژنەی پێیەکانی، و خەواڵوویی ئاشکرای لە هەندێک کۆبوونەوە فەرمییەکاندا، ببووە هۆی دروستبوونی شەپۆلێک لە پرسیار و گومان لەسەر ڕاستیی باری تەندروستی جەستەیی و مێشکی ئەو.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە