پلانێکی نوێی حکومەتی عێراق: دابینکردنی زەوی بەخۆڕایی بۆ خێزانە بێ خانەکان.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پلانی حکومەتەکەی بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی قەیرانی نیشتەجێبوون ئاشکرا کرد، کە بریتییە لە دابینکردنی پارچە زەوییەکی نیشتەجێبوون بە شێوەی خۆڕایی بۆ هەر خێزانێکی عێراقی کە خاوەنی هیچ خانوو یان موڵکێک نین.
بەپێی وتەکانی زەیدی، پڕۆژەکە بە هاوکاریی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت جێبەجێ دەکرێت، کە تیایدا بازرگانان بەشداری لە دابینکردنی پێداویستییەکان دەکەن و حکومەتیش ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکات.
زەوییەکان تەنها وەک پارچە زەوی نامێننەوە، بەڵکو حکومەت بەڵێنی دابینکردنی تەواوی ژێرخان و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لەوانە (ئاو، کارەبا و شەقام) دەدات.
پڕۆژەکە بارگرانی دارایی ناخاتە سەر خەزێنەی گشتی؛ بەڵکو پشت بە قازانجی کۆمەڵایەتیی کۆمپانیاکانی نەوت و وەزارەتی کارەبا دەبەستێت بۆ دابینکردنی تێچووەکان.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، عێراق پێویستی بە دروستکردنی نزیکەی 2.5 بۆ 3 ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی دانیشتووان و چارەسەرکردنی قەیرانی خانوبەرە لە سەرانسەری وڵاتدا.
