پێگەیەکی ئەمریکی: تێچووی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 100 ملیار دۆلار تێپەڕی.
پێگەی ئەمریکیی “Iran War Cost” ئاشکرای کرد کە تێچووی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ خەزێنەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە 100 ملیار دۆلار زیاتر بووە.
بەپێی ئەو داتایانەی پێگەکە بڵاوی کردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بە فەرمی ژمارەی وردی خەرجییەکان ڕانەگەیاندووە، بەڵام خەمڵاندنە نافەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە تێچووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بەرامبەر ئێراندا ئەو بڕەی تێپەڕاندووە.
ئەم بڕە پارەیەی دیاریکراوە، بریتین لە خەرجییەکانی بەڕێوەبردن، دابینکردنی پێداویستییەکانی کارمەندان، هەروەها خزمەتگوزاری و نۆژەنکردنەوەی ئەو کەشتییە جەنگییانەی کە ڕەوانەی ناوچەکە کراون.
پێگەکە پشتی بەو ڕاپۆرتە بەستووە کە پێنتاگۆن پێشکەشی کۆنگرێسی کردووە، تێیدا هاتووە تێچووی 6 ڕۆژی سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکان 11.3 ملیار دۆلار بووە، دواتر تێچووی ڕۆژانە گەیشتووەتە 1 ملیار دۆلار.
جێگای ئاماژەیە، دواین ڕاپۆرتی فەرمیی پێنتاگۆن سەبارەت بە خەرجییەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کە لە کۆتایی مانگی نیسان بڵاوکرایەوە، “جولز هێرست” وەک بەڕێوەبەری کاربەڕێکەری بەشی دارایی وەزارەتەکە، تێچووی ئۆپەراسیۆنەکانی بە نزیکەی 25 ملیار دۆلار مەزەندە کردبوو.
