ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ( ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ )، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویكردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتۆگۆ لەسەر دواین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی هەژماری من کرا و جەخت لەسەر خێراترکردنی پڕۆسەی تۆمارکردنی سەرجەم مووچەخۆران لە نزیکترین کاتدا کرایەوە.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکە باس لە هەنگاوەکانی گواستنەوەی پڕۆژەکە بۆ سەر وەزارەتی دارایی کرا، کە لە ئێستادا بەچەند قۆناغێک دەستی پێکردووە و بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا بەتەواوی پرۆژەکە ڕادەستی وەزارەتی دارایی بکرێت.
هاوکات لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکە بە داتا و زانیاری دوواین هەنگاوەکانی پڕۆژەی هەژماری من خرایەڕوو، بەجۆرێک تا ئێستا ١،١٦٨،٠٠٠ فەرمانبەر و مووچەخۆر تۆمار کراون و زیاتر لە ٨٣٠،٠٠٠ هەزار کارتی بانکی دابەش کراوەو بۆ مووچەی مانگی ئایاریش ٨٠٠،٠٠٠ هەزار کەس لە ڕێگەی ٦٣٥ ئامێری ڕاکێشانی پارە ( ATM ) ەوە مووچەیان وەرگرتووە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لەئێستادا پڕۆسەی تۆماکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر داهات و پەرەپێدان و میالاکات دەستی پێکردووە و نزیکەی ٥٠ هەزار مووچەخۆر ماون کە خۆیان تۆمار بکەن کە بەشی زۆریان میراتگری خانەنشینن و بەشێکیشیان دانیشتووی دەرەوەی کوردستانن.
هاوکات ئاماژە بەوەشکرا، لە کۆی ٤٧٤،٠٠٠ خانەنشین و کەسوکاری شەهیدو سودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی تا ئێستا ٤١٨،٠٠٠ هەزاریان تۆمار کراون و ٢٢٠،٠٠٠ هەزار مووچەخۆریشیان کارتی بانکیان وەرگرتۆتەوە.
لەبەشی کۆتایی کۆبوونەوەکە وەزیری دارایی، تیمەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد هەموو هەوڵ و توانای خۆیان لەگەڵ بانکەکان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەری ئەو کێشە و گرفتانەی لەماوەی ڕابردوو دروست بووە، بەتایبەت کێشەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە و ئەو کێشانەی پەیوەستە بەخانەنشینان لەکاتی وەرگرتنەوەی کارتی بانکەکانیان و میکانیزمی نوێ بۆ تۆمارکردنی ئەو خانەنشینانەی نەخۆش و پەککەوتەن و ناتوانن سەردانی بانکەکان بکەن.
