بەشێكی زۆری مووچەخۆران هێشتا مووچەیان وەرنەگرتووە

 

سەربارەی ڕاگەیاندنی لیستی مووچەی مانگی 5ی مووچەخۆران لە یەكەم ڕۆژی جەژنەوە، كە هەفتەی ڕابردوو بوو، بەڵام هێشتا بەشێكی مووچەخۆران مووچەیان وەرنەگرتووە و لەبەشێكی (ATM)ەكان پارە نییە و مووچەخۆران ناتوانن مووچە وەربگرن و هاوكات مامۆستایانی گرێبەستیش تا ئێستا مووچەیان پێ‌ نەدراوە.

ژمارەیەك فەرمانبەر بە (خەڵك)یان ڕاگەیاند، كە تاكو ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە و چەندین ئامێری پارەدان گەڕاون و نەیانتوانیوە مووچە وەربگرن.

لای خۆشیەوە، حاجی كاروان، پەرلەمانتاری پێشوو لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، “فەرموون لە پێش جەژنەوە بەغدای موفلیس پارە بنێرێت نەتوانی پارەی مووچەخۆرانت دابەش بکەیت، یەک ئای تی ئێم بانکی ئسلامی پارەی تیا نیە و بە هەزارەها کەس تا ئێستا مووچەیان وەرنەگرتوە”.

مامۆستایانی گرێبەست ژمارەیان 42,033 مامۆستایە، كە سەر بە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵان و هێشتا مووچەی مانگی 5یان وەرنەگرتووە.

هاوكات، عەلی ڕەئووف، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گریبەست بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، مووچەی مامۆستایانی گرێبەست بۆ مانگی 5 تاوەکو ئێستا دابەش نەکراوە، كە نزیکەی 42 هەزار مامۆستان.

ڕاشیگەیاند، راستگۆنین لەگەڵ ئێمە، بۆیە بەزووترین کات فەرمانی خەرج کردنی نەدرێت خۆپیشاندان ڕادەگەیەنین لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران.

لە بەرامبەریشدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكی كەناڵی (ڕووداو) ئاشکرای کرد ،کە ڕەنگە سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش بکرێت.

وتیشی، “وەزارەت سەرقاڵی دابینکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەستە و پێشبینی دەکرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو دابەش بکرێت”.

ئاماژەی بەوەشدا، هیچ مانگێک ناتوانین بەدیاریکراوی وادەی دابەشکردنی مووچە دیاری بکەین و وتیشی، “قاسەی هەرێم پارەی تێدانییە بۆیە بۆ مووچە چاوەڕێی بەغدا دەبین‌ و بەغدا نەوت‌ و داهاتی نانەوتی لێسەندوین، ئێستا هەمووی لای ئەوانە، بۆیە دڵنیا نین مانگی داهاتوو، مووچه لەکاتی خۆیدا دێت یاخود نا”.

ئەم بڕیارە لە دوای ئەوە دێت کە مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم پێش جەژنی قوربان دابەشکرا، بەڵام مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دواکەوت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە