ئاوات شێخ جەناب: دڵنیا نین مانگی داهاتوو مووچه لەکاتی خۆیدا دێت یاخود نا

وەزیری دارایی حكومه‌تى هەرێم ڕایدەگەیەنێت، “هیچ مانگێک ناتوانین بەدیاریکراوی وادەی دابەشکردنی مووچە دیاری بکەین”، لەبارەی داهاتی ناوخۆوە وتی، “کۆی داهاتی پێنج مانگی ئەمساڵ گەیشتوەتە 632 ملیار دینار”.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (ڕووداو) ڕایگەیاند، “کێشەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا سیاسییە، چەندینجاریش لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتووین، بەڵام ئه‌وان پابەندنەبوون”.

به‌وته‌ى وەزیری دارایی، “بەگوێرەی سەرژمێریی، مافی خۆمانە داوای لەسەدا 14ی بودجه‌ى عێراق بکەین، لەعێراق سەرقاڵی ئامادەکردنی بودجەی 2026ن، بەڵام قورسە فریابکەون”.

ئاوات شێخ جەناب لەبارەی چونیان بۆ بەغدا وتى، “لەکاتی پێویستدا سەردانی بەغدا دەکەین، واته‌ هه‌ركات پێویست بكات”.

وەک وەزیری دارایی باسی لێوەکرد، “بەغدا پێیوایە دەبێت 50%ى داهاتی هەموو سەرچاوە داراییەکان لەهەرێم وەربگرێت، لەبارەی داهاتی نانەوتی پێنج مانگی 2026وە لەدەستپێکی ساڵ‌ و لەمانگی یەک، داهاتی ناوخۆ 150 ملیار دینار بووە، پاشان لەمانگی دوو زیادیکرد و گەیشتوەتە 180 ملیار دینار کە ئەمەش بەرزترین رێژەی داهاتە لەمساڵدا”.

وتیشی، “مانگی سێ داهاتەکە دابەزیوە بۆ 86 ملیار دینار کە کەمترین داهاتی تۆمارکراوی پێنج مانگی ڕابردوە، بەڵام دواتر لەمانگی چواردا داهاتەکە دووبارە زیادیکردوە، بۆ 106 ملیار دینار و لەمانگی پێنجیشدا، بەردەوام بوە لەبەرزبونەوە و گەیشتوەتە 110 ملیار دینار”.

لەبارەی مووچەی مانگى 6، وەزیری دارایی هەرێم ئاماژەی بەوەكرد، “کاتێک نەوتمان هەبوو خۆمان مووچەمان دەدا.. ئێستا قاسەی هەرێم پارەی تێدانییە بۆیە بۆ مووچە چاوەڕێی بەغدا دەبین‌ و بەغدا نەوت‌ و داهاتی نانەوتی لێسەندوین، ئێستا هەمووى لای ئەوانە، بۆیە دڵنیا نین مانگی داهاتوو، مووچه لەکاتی خۆیدا دێت یاخود نا”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە