بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت، ئەو دوو گەنجەی کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەی پێنجوێندا گیانیان لەەدەستدا، کران بە شەهیدی هاووڵاتی.
ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر فەرمانێک کرد بۆ ئەوەی هەریەک لە بێستوون عەبدوڵا و ئالان یوسف، بە “شەهیدی هاووڵاتی” هەژمار بکرێن.
ئەو دوو گەنجە مانگی تشیرینی دووەمی 2025 لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرێک لە سنووری پێنجوێن گیانیان لەدەستدا.
قائیمقامیەتی پێنجوێن لەگەڵ بڵاوکردنەوەی بڕیارەکەدا ڕایگەیاند، “دەستخۆشی و سوپاسی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لەگەڵماندا هەوڵیاندا بۆ ئەوەی مافی ئەم دوو قارەمانی ژینگە نەفەوتێت و بە شەهید هەژمار بکرێن”.
ڕاشیگەیاند، “سوپاسی تایبەتی خۆمان ئاراستەی بەرێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بەرێز وەزیری ناوخۆ، بەرێز پارێزگاری سلێمانی و هەموو ئەو بەرپرسانە دەکەین کە هەوڵیاندا بۆ ئەوەی داواکەی قایمقامێتی قەزای پینجوێن پەسەند بکرێت”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “دڵنیایی دەدەین کە بەردەوام دەبین لە هەر جۆرە پشتیوانی و هاوکارییەک بۆ خێزانەکانی شەهیدان. ئەمڕۆ بە شانازییەوە خۆمان بەشدار دەزانین لە کەمکردنەوەی بەشێک لە ئازار و ماندووبوونی خێزانەکانیان”.

