بە وتەی کەشناسێکی کورد، لە سبەینێ چوارشەممەوە پلەکانی دوو بۆ چوار پلە بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن و تا 10ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، هاوکات دوای ئەوەش پلەی گەرما زیاتر بەرزدەبێتەوە.
بەپێی بڵاوکراوەیەکی ئاراس جەبار، شارەزا لە بواری کەشناسی، لە سبەینێ چوارشەممەوە تا 10ی ئەم مانگە، لەئەنجامی لاوازبوونی کاریگەری بارستە هەوا فێنکەکان و جێگیربوونی کاریگەری بەرزەپاڵەپەستۆیەک پلەکانی گەرما بەرێژەی دوو تا چوار پلە بەرزدەبنەوە و بە درێژایی ماوەی دیاریکراو جێگیربوونێک بەخۆیەوە دەبینێت.
دەشڵێت: کەش و هەواش لە هەمان ماوەدا بەگشتی جێگیر دەبێت و خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت، 10-25 کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا، ئاراستەی با زیاتر باکووری رۆژئاوا دەبێت.
بەپێی پێشبینی ئەو کەشناسە کوردە، بەرزترین پلەی گەرما لەسەنتەری پارێزگاکان بەم شێوەیە دەبێت، سلێمانی 34 بۆ 35 پلە، هەولێر 36 بۆ 37 پلە، دهۆک 35 بۆ 36 پلە، هەڵەبجە 36 بۆ 37 پلە، کەرکوک 38 بۆ 40 پلە، گەرمیان 40 بۆ 41 پلە، راپەرین 35 بۆ 36 پلە، سۆران 33 بۆ 34 پلە.
ئەوەشی وتووە: لە 10ی مانگەوە پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
