بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەيەنێت، لە ڕۆژانی جەژندا دەست بەسەر بڕێکی زۆر یاری ئاگرین و تەقەمەنیدا گرتووە.کە بڕەکەی زياترە لە (دوو تۆن)کە بڕیاربوو لە بازاڕەکاندا ساغ بکرێنەوە و ببنە هۆکاری شێواندنی ئارامیی هاووڵاتییان.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم هەڵمەتە تەنها تایبەت نەبووە بە ڕۆژانی جەژن، بەڵکو دوای جەژنیش پرۆسەکە بە بەردەوامی درێژەی دەبێت. ئامانج لەم ڕێوشوێنانە پاراستنی سەلامەتیی گشتی و ڕێگریکردنە لەو دیاردە نادروستانەی کە دەبنە هۆی دڵەڕاوکێ و زیانگەیاندن بە منداڵان و مێرمنداڵان.
جەخت دەکاتەوە، کە مەفرەزەکانیان لە دوای جەژنیش لەسەر شەقام و بازاڕەکان دەبن بۆ ڕێگریکردن لە فرۆشتنی ئەم ماددانە و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بەو کەسانەی کە پابەندی ڕێنماییەکان نابن و بازرگانی بەم جۆرە تەقەمەنییانەوە دەکەن، دەگیرێتەبەر.
پەیامی پۆلیسی هەولێر بۆ هاووڵاتییان: “داوا لە دایکان و باوکان دەکەین هاوکارمان بن و ڕێگری لە منداڵەکانیان بکەن لە کڕینی ئەم یارییە مەترسیدارانە، تاوەکو پێکەوە ژینگەیەکی ئارام و بێمەترسی بپارێزین.”
