عەزیز ئەحمەد: خانەنشینان بە وەرگرتنی مووچە لە هەژماری من كۆتایی بە ڕاوەستانیان لەسەرەی درێژ دێت

جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیران ئاشكرای دەكات، تیمی (هەژماری من) لەگەڵ وەزارەتی دارایی کاردەکات بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەک لە دەرکردنی کارتە بانکییەکان و تەواوکردنی پرۆسەی تۆمارکردن.
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاوی كردەوە: “لە لیستی مووچەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 350 هەزار خانەنشین هەیە، تاكو ئێستا 50 هەزار كارتی بانكی لەلایەن خانەنشینان وەرنەگیراوەتەوە و بە هەزارانیش خۆیان لە (هەژماری من) تۆمار نەكردووە.”
روونیشی کردەوە: “تاوەكو ئێستا زیاتر لە نیوەی ئەو خانەنشینانە مووچەکانیان بە دیجیتاڵی و لە ڕێگەی سیستەمی (هەژماری من)ەوە وەرگرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی کۆتاییهێنان بە ڕاوەستانیان لە سەرە درێژەکاندا.”
ڕاشیگەیاند: “بوونی جێگرەوەیەکی باشتر و شایستەتر بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، وایکردووە بینینی دیمەنی قەرەباڵغی بەردەم بانکەکان جێگەی داخی زۆر بێت.”
وتیشى: “ئەوانەی هێشتا کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە، بچن لە زووترین کاتدا بیبەنەوە، تاوەکو لە قەرەباڵغی، ماندووبوون و پشێوییەکانی بەردەم بانکەکان بەدوور بن و بتوانن بە شێوازێکی ئاسانتر مووچەکانیان پێبگات.”
دەشڵێت: “داوا لە گەنجان و فەرمانبەرانی خانەنشینکراو دەكەین هاوکاریی خانەنشینانی تەمەن گەورە بکەن بۆ تۆمارکردنی ناویان لە (هەژماری من) تا لە خزمەتگوزارییەکانی پارەدانی دیجیتاڵی سوودمەند ببن.”
جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئاشكراشی كرد: “تیمی (هەژماری من) لە نزیکەوە و بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم کاردەکات بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەک لە دەرکردنی کارتە بانکییەکان، تەواوکردنی پرۆسەی تۆمارکردن و گواستنەوەی کۆتایی مووچەکان بۆ سەر سیستەمی پارەدانی دیجیتاڵی.”
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە