دابەشكردنی زەوی لە سلێمانی دەستپێدەكاتەوە

سەرۆكی شارەوانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەم زووانە قۆناغی دیكەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەستپێدەكات.

لەیلا عومەر، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی لە سەر مەزاری مام جەلال و لەیادی دامەزراندنی یەكێتی بۆ میدیاكان وتی، “دوای ئەوەی زیاتر لە 23 هەزار پارچە زەویمان دابەشكرد بەسەر فەرمانبەراندا لەسنووری سەرۆكایەتی شارەوانیمان و لە ماوەكانی پێشوودا لەسەر سێ‌ پێگە كارمان كردووە”.

وتیشی، “ئەو سێ‌ پێگەیە ڕێكارەكانی ئەنجوومەنی شارەوانی و سەرۆكایەتی و تیمەكانی تێپەڕاندووە و نێردراوە بۆ نەخشەدانانی ئاوەدانی و داوامان كردووە پەلەی تیا بكەن تاكو لەماوەیەكی نزیكدا ڕێكارەكانی تیروپشك ئەنجام بدەین بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەران”.

ئاماژەی بەوەشدا، پڕۆسەی كاركردن لەسەر دابەشكردنی زەوی بەردەوامە و تیمەكان لەكاركردندان و قۆناغ بە قۆناغ سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی دەرچووە، زەوییان پێ‌ دەدرێت.

ئاشكراشی كرد، ئەوەی فۆڕمی پڕكردۆتەوە و ناوی نەگەڕاوەتەوە، لە بەڕێوەبەرایەتییەكەی خۆی لیژنە هەیە و فۆڕم پڕ بكاتەوە و دەنێردرێت بۆ وەزارەتەكەی خۆی و دواتر دەنێردرێت بۆ لیژنەی باڵا لە وەزارەتی شارەوانی و دواتر ئەنجوومەنی وەزیران، كە ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی وەرگرت، ناوەكەی دەگەڕێتەوە و دەخرێتە ڕیزبەندی تیروپشكەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە