“دەبێت تابلۆی دوکان و شوێنە گەشتیارییەکان و مینۆ و پسولەی چێشتخانەکان بکرێن بە کوردی”

وەزیری شارەوانی ڕایگەیاند، پێویستە بە زووترین ناونیشان و تابلۆی دوکان و شوێنە گەشتیارییەکان بکرێنە زمانی کوردی و ئەم هەڵمەتە مینۆی خواردن و پسولەی پارەی چێشتشتخانه‌کانیش دەگرێتەوە .

پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، به‌مەبەستی جوانتر کردنی سیمای شارو باشترکردنی دۆخی شارستانی و ڕێکخستنەوەی شەقام و بازارە مللییەکان، ئەمرۆ دووشەممە ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، سه‌په‌رشتی کۆبوونه‌وه‌یه‌کی تایبه‌تیان‌ سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی شەقامەکان و بازارە مللییەکانی شاری هه‌ولێرکرد.

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری شارەوانی جەختی لەسەر سێ خاڵی سەرەکی پەیوەندار به‌ پرسی پاکوخاوێنی شار کردەوە:

‌ خاڵی یەکەم پەیوەندی بە دیاردەیی ڕاوەستانی عارەبەو ئۆتۆمبیلەکانه‌وه‌ هه‌بوو که‌ بەشێوەیەکی هەرەمەکی لەسەر شەقامە گشتیەکان ڕاده‌وه‌ستن و دیاردەیەکی ناشارستانی و جەنجالیان بەخشیوەتە سیمای شارو مافی گشتی هاتوچۆی هاووڵاتیانیان پێشێل کردووە.

خاڵی دووەم پەیوەندی بە بابەتی خاوێن ڕاگرتنی شارەوە هەبوو، له‌م باره‌شه‌وه‌ جەختیشی کرده‌وه‌، کە پێویستە بەرێوەبەری شارەوانی سنوورەکان ڕۆڵی سەرەکی لە پاکژ ڕاگرتنی شاردا ببینن. بۆیە پێویستە پلان و نەخشەی تایبەت لەگەڵ سەرۆکایەتی شارەوانی دارێژن و هه‌نگاوی به‌په‌له‌ له‌و باره‌وه‌ بنێن .

لە کۆتا خاڵدا وەزیری شارەوانی جەختی لەسەر ناونیشانی نامۆو زمانی بیانی دوکان و شوێنە گەشتیاریەکان کردەوە، کە پێویستە بە زوترین کات بکرێنە زمانی کوردی و ئەم هەڵمەتە مینۆی خواردن و پسولەی حیساباتی چێشتشتخانه‌کانیش بگرێتەوە .

لای خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، کۆک بوو لەگەڵ وتەکانی جەنابی وەزیر و جەختی کردەوە، کە لە ماوەی ڕابردوو کار لەسەر سەرجەم ئەو سێکته‌رو تەوەرانە کراوە، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ک خامۆشی به‌ کاره‌کانه‌وه‌ دیار بووه‌، بۆیه‌ به‌ گرنگی زانی که‌ ئه‌م جۆره‌ کارانه‌ به‌شێوه‌ی ده‌سته‌جه‌معی و به‌رده‌وامی کاری له‌سه‌ر بکرێ .

پارێزگاری هەولێر، باسی لە گرنگی پاراستنی سیماو ڕوخساری ته‌ندورستی شاری هه‌ولێر کرد، له‌م باره‌شه‌وه‌ ڕایگه‌یاند: که‌وا پاراستنی سیما و ڕوخساری شاری هەولێر یەکێکە لە گرنگترین ئەو ئەرکانەی کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ژیانی هاووڵاتیان، جوانی شار و پاراستنی ژینگە، چونکه‌ شاری هەولێر وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان و ناوەندێکی ئابووری، گەشتیاری و کەلتووری، پێویستی بەوە هەیە بەردەوام پاک و ڕێک و پێک بپارێزرێت و سیما شارستانییەکەی بپارێزرێت. هاوکات دووپاتی له‌سه‌ر ڕێکخستنی فرۆشیاران، کەمکردنەوەی قەیرانی هاتووچۆ و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ هاووڵاتیان کرده‌وه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا جەخت لەسەر پێویستی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان کرایەوە بۆ جێبەجێکردنی پلانی ڕێکخستنەوەی شەقامەکان و بازارەکان بە شێوەیەکی سیستەماتیک. هەروەها بریار درا چەند هەنگاوێکی کرداری بگیرێتەبەر بۆ ڕێگرتن لە داگیرکردنی شەقامە گشتییەکان و پاراستنی پاک و خاوێنی ناوچە بازاڕییەکان.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئاماژە بەوە کرا، کە ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ جوانترکردنی ڕوخساری شارو دابینکردنی خزمەتگوزارییەکی باشتر بۆ هاووڵاتیان و سەردانکەرانی پایته‌خت .

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە