تەندروستی سلێمانی ئاماری ڕۆژانی جەژنی ڕاگەیاند؛ زیاتر لە 6 هەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە.
بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماری فەرمی کار و چالاکییەکانی نەخۆشخانە و سەنتەرە پزیشکییەکانی لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا بڵاوکردەوە، کە تێیدا لە سەرجەم بەشەکاندا پێشوازی لە هەزاران هاووڵاتی کراوە و سەدان نەشتەرگەریی فریاکەوتن ئەنجام دراون.
بەپێی ئامارە گشتییەکان، لە ڕۆژانی جەژندا 6,873 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکانی سلێمانییان کردووە، لەو ژمارەیەش 1,250 نەخۆش بەهۆی جۆری نەخۆشییەکەیانەوە داخڵکراون و 580 نەشتەرگەری جۆراوجۆریش ئەنجام دراون.
نەخۆشخانەی شار زۆرترین ڕێژەی سەردانیکردنی تۆمارکردووە و ئامارەکانی بەم شێوازە بوون:
سەردانیکەران: 4,515 نەخۆش سەردانیان کردووە و 959 نەخۆش داخڵ کراون.
نەشتەرگەری: 449 نەشتەرگەری فریاکەوتنی کتوپڕ و 76 نەشتەرگەری تر ئەنجام دراون.
پشکنین و تیشک: 17,487 پشکنینی تاقیگەیی، 672 سۆنەر و 1,493 تیشک (X-Ray) گیراوە.
چارەسەری تایبەت: 129 شووشتنەوەی گورچیلە و 7 حاڵەتی قەستەرە ئەنجام دراوە.
نەخۆشخانەی منداڵبوونی فێرکاری و منداڵانی د. جەمال ئەحمەد ڕەشید
منداڵبوون: 435 ژن سەردانی نەخۆشخانەی منداڵبوونیان کردووە و 72 منداڵ لەدایکبوون (49 منداڵیان بە سروشتی و 23 منداڵ بە نەشتەرگەری).
منداڵانی د. جەمال ئەحمەد ڕەشید: 1,788 منداڵی نەخۆش بینراون و 187 منداڵیان داخڵکراون و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.
نەخۆشخانەکانی دڵ، سووتاوی و کۆئەندامی هەرس
نەخۆشخانەی دڵ: 104 نەخۆش داخڵکراون؛ 35 نەشتەرگەری قەستەرە، 19 دانانی باڵۆن و 1 پەیس مەیکەر (تێهەڵکێشی لێدانی دڵ) ئەنجام دراوە.
سووتان و جوانکاری: 161 نەخۆش سەردانیان کردووە و 2 نەخۆش داخڵ کراون.
کۆئەندامی هەرس و جگەر: 31 نەخۆش کە پێویستیان بە فریاکەوتنی خێرا هەبووە، چارەسەرکراون.
سەنتەری فریاکەوتنی خێرای 122 (ئەرکی مەیدانی)
تیمەکانی بەهاناوەچوونی خێرای 122 لە ڕۆژانی جەژندا لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودا بوون و ئەم ئەرکانەیان ڕاپەڕاندووە:
70 حاڵەتی گەرم: بەهاناوەچوونی برینداری ڕووداوەکانی هاتوچۆ، شەڕ، کەوتنەخوارەوە و ڕووداوە جیاجیاکان.
200 حاڵەتی ئاسایی: بەهاناوەچوونی ئاسایی بۆ هاووڵاتیان لە شوێنە گشتییەکاندا.
