ترامپ داوای هەموارکردنی ئەو ڕێککەوتنە دەکات کە نوێنەرانی لەگەڵ ئێران گەیشتوونەتە سەرى.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکی لوتکەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکاندا (Situation Room)، داوای چەند گۆڕانکاری و هەموارکردنەوەیەکی بەپەلەی لەو ڕێککەوتنە کردووە کە نوێنەرانی وڵاتەکەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران گەیشتوونەتە سەرى.
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی و سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی (Axios)یان ڕاگەیاندووە: “ترامپ دەیەوێت ڕێککەوتنەکە واژۆ بکات و چاوەڕوان دەکات بەم زووانە کۆتایی پێبێت، بەڵام پێداگرە لەسەر بەهێزکردنی چەند خاڵێک کە بۆ ئەو گرنگن، بەتایبەتی لە دەوروبەری دۆسیەی ماددە ئەتۆمییەکانی ئێران.” ئەم داواکارییەش بووەتە هۆی دەستپێکردنی گەڕێکی نوێ لە گفتوگۆی چوون و هاتن لە نێوان هەردوولادا کە پێدەچێت چەند ڕۆژێک بخایەنێت.
یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە لە ئێستادا تەنها پابەندبوونی ئێران بە لادان لە چەکی ئەتۆمی لەخۆدەگرێت بەبێ سازشی زیاتر. بەڵام ترامپ دەیەوێت خاڵی وردتر و دیاریکراوتر زیاد بکرێت سەبارەت بەوەی چۆن و لە چ کاتێکدا ئەمریکا دەست بەسەر یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێراندا دەگرێت.
سەرچاوەکان بۆ ئەکسیۆس ئاشکرایان کردووە، کە ترامپ دەیەوێت دەستکاری داڕشتنی ئەو خاڵانەش بکات کە پەیوەندییان بە دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمزەوە هەیە.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە ئەکسیۆسی ڕایگەیاندووە: “ترامپ تەنها ڕێککەوتنێک دەکات کە بۆ ئەمریکا باش بێت، هێڵە سوورەکانی بپارێزێت و دڵنیایی بدات کە ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.”
لەلایەکی ترەوە، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، کە هێشتا دەقی کۆتایی ڕێککەوتنەکەیان پەسەند نەکردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن تاران ئامادەی واژۆکردن بووە و هەموو شتێک وەستابووە سەر بڕیاری ترامپ. هەروەها تاران ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی ڕێککەوتنەکە ملیارەها دۆلاری سڕکراوی بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام کۆشکی سپی ئەم بانگەشەیەی ڕەتکردووەتەوە.
بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە بە ترامپ گوتراوە نزیکەی سێ ڕۆژی دەوێت تا ئێرانییەکان وەڵامی گۆڕانکارییەکان بدەنەوە، بە تەنزیشەوە وەسفی شێوازی پەیوەندییەکانی ئێرانی کردووە و گوتوویەتی: “ئەوان لە ڕاستیدا لە ناو ئەشکەوتەکاندان و ئیمەیڵ بەکارناهێنن.”
چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی هەفتە یان هەفتەی داهاتوودا، ئەنجامی کۆتایی ئەم هەموارکردنانە دیاری بکات کە ئایا ڕێککەوتنەکە سەر دەگرێت یان پەکى دەکەوێت.
سەرچاوە: ئەکسیۆس
