ئەمریکا و ئێران گەیشتنە ڕێککەوتن، بەڵام چاوەڕێی واژۆی کۆتایی ترەمپ دەکەن.
پێگەی ئەکسیۆس، لەزاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و سەرچاوەیەکی هەرێمی ئاشکرایان کردووە، کە دانوستانکارانی ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی لەسەر یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن، بەڵام جێبەجێکردنی تەواوەتیی پرۆسەکە تەنها بەستراوەتەوە بە ڕەزامەندی و بڕیاری کۆتایی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ.
ناوەڕۆکی ڕێککەوتنە نهێنییەکە:
بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنامەنووس باراک ڕاڤید لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ناوچەییەوە (کە بەشدارە لە نێوەندگیرییەکەدا) بڵاویکردووەتەوە، تەوەرە سەرەکاییەکانی ڕێککەوتنەکە بەم شێوەیەیە:
درێژکردنەوەی ئاگربەست: ڕێککەوتن لەسەر یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی 60 ڕۆژە کراوە بە مەبەستی درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەستی نێوان هەردوو لایەن.
دۆسیەی ئەتۆمی: دەستپێکردنی دانوستانە فەرمییەکان لەسەر بەرنامە و دۆسیەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییە کتوپڕە لە کاتێکدایە کە لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا ناوچەکە شاهیدی پێکدادانی سەربازیی ڕاستەوخۆ بوو، و چاودێران پێیان وایە ئەم هەنگاوە دەتوانێت ڕێڕەوی ڕووداوەکان بەرەو هێوربوونەوە ببات ئەگەر ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ داگیرسێنێت.
