موجتەبا خامنەیی هۆشداری دەداتە پەرلەمان

موجتەبا خامنەیی هۆشداری دەداتە پەرلەمان و داوای ستراتیژێکی نوێی ئابووری دەکات

ڕێبەری کۆماريی ئیسلامیی ئێران، موجتەبا خامنەیی، لە پەیامێکی فەرمیدا بەبۆنەی ساڵیادی کردنەوەی یەکەمین خولی پەرلەمان و دەستپێکی سێیەمین ساڵی کارکردنی خولی دوازدەیەم، هۆشدارییەکی توند دەداتە پەرلەمانتاران لەبارەی پیلانی نوێی دوژمنان بۆ دروستکردنی کەرتبوون لە ناوخۆی وڵاتدا. هاوکات داوای خێراکردنی هەنگاوەکان دەکات بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە داراییەکان.

موجتەبا خامنەیی لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، وێڕای پیرۆزبایی جەژنی قوربان، ئاماژەی بە تێپەڕبوونی 3 مانگ بەسەر “سێیەمین بەرگریی پیرۆز” کرد و ستایشی خۆڕاگریی گەلی ئێرانی کرد لەم قۆناغەدا.

ڕێبەری ئێران داوای لە پەرلەمانتاران و محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمان کرد کە لە پاڵ پاراستنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی یاسادانان، هەماهەنگیی تەواویان لەگەڵ هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت) و دادوەریدا هەبێت بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکاندا.

ڕێبەری ئێران ئەرکە سەرەکییەکانی پەرلەمانی بۆ قۆناغی داهاتوو دیاری کرد و جەختی لە چەسپاندنی دروشمی ئەمساڵ کردەوە کە بریتییە لە: “ئابووریی خۆڕاگری لە سێبەری یەکڕیزیی نیشتمانیدا”.

پەیامەکە هێڵە گشتییەکانی چاکسازیی ئابووری بەم خاڵانە دیاری دەکات:

  • کەمکردنەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان و ڕێکخستنەوەی بازاڕەکان.

  • بووژاندنەوەی کەرتی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی.

  • تەرخانکردنی هەوڵەکان بۆ قەرەبووکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ئەو وێرانکارییانەی بەهۆی هەردوو “جەنگی سەپێنراوی دووەم و سێیەم”ـەوە بەسەر وڵاتدا هاتوون، بە ئامانجی گەڕاندنەوەی هیوا بۆ کۆمەڵگە.

درێژەی بابەتەکە لەسەر میراتی ڕێبەری پێشوو بوو، کاتێک سەید موجتەبا خامنەیی داوای لە بەرپرسان و پەرلەمانتاران کرد کە ڕێنماییەکانی (عەلی خامنەیی) بکەنە بنەما و نەخشەی ڕێگا بۆ کارەکانیان.

خامنەیی هۆشداری دا کە دوژمنان دوای ئەوەی لە ڕووی سەربازییەوە تووشی شکست بوون و گەمارۆ ئابوورییەکانیشیان نەیانتوانی کۆماری ئیسلامی چۆک پێ دابدا، ئێستا تاکتیکی خۆیان گۆڕیوە؛ کار بۆ تێکدانی یەکڕیزیی نیشتمانی و دروستکردنی دووبەرەکیی کۆمەڵایەتی لەناوخۆی ئێراندا دەکەن، کە پێویستە پەرلەمان بە وشیارییەوە ڕووبەڕووی ئەم پیلانە ببێتەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە