“لە کێوی عەرەفاتەوە.. کاتێک زەوی بۆ ئاسمان دەدوێت”

تریفە جەلال

لێرە، لەسەر ئەم خاکە تینووە، جەستەکان ماندوون بەڵام ڕۆحەکان لە هەموو کاتێک ئارامترن.

ئەمە وێنەی هەڵاتنی مرۆڤە لە جەنجاڵی دونیا بۆ ناو باوەشی میهرەبانیی خودا.

  • هەمووان یەک ڕەنگ و یەک پۆشاک، وەک ئەوەی مردنمان تاقی کردبێتەوە و زیندوو بووبینەوە. لێرە نە ناونیشان دەور دەگێڕێت، نە پلە و پایە، نە ڕەنگی پێست؛ تەنها “بەندایەتی” ناسنامەی هەمووانە.
  • ئەمە ئەو شوێنەیە کە فرمێسک تێیدا زمانە. ئەو فرمێسکەی لە چاوێکەوە دێتە خوار، تەنها ئاو نییە؛ بەڵکو پەشیمانییەکی قووڵە، هیوایەکی گەورەیە، و سپاردنی هەموو خەمەکانە بەو زاتەی کە لە شادەمار نزیکترە.
  • هەرچەندە هەزاران دەنگ بە یەکەوە دەڵێن “لبيك”، بەڵام لە ڕاستیدا هەزاران چیرۆکی جیاواز لەناو دڵەکاندایە. یەکێک بۆ شیفا دەگری، یەکێک بۆ لێخۆشبوون، یەکێک بۆ نیشتیمان؛ و خوداش گوێی لە هەمووانە، وەک ئەوەی تەنها یەک کەس لەوێ بێت.
  • هەموو ڕێگایەک بەرەو عەرەفە ، فرمێسکی شەیدایەک ، هیوا و نزا و هانای بەندەیەکی ماندووی هەڵگرتووە کە لە قووڵایی ڕۆحییەوە هاوار دەکات:

لَبَّيكَ اللهمَّ لَبَّيك… (من لەسەر فەرمانی تۆم ئەی خودایە، من لەسەر فەرمانی تۆم…)

لێرەدا تەنها پێیەکان بەڕێگاوە نین، بەڵکو ڕۆحەکانن بەرەو بەزەیی و ڕەحمەت باڵ دەگرن، و دڵەکان بەرەو گەورەترین و قووڵترین ژوانی ئاسمانی لەگەڵ خودا هەنگاو دەنێن. ⁠

  • پەیامی عەرەفات بۆ ئێمە:

ئەم دیمەنە پێمان دەڵێت: ئەگەر دونیا پەستانی بۆ هێنایت، ئەگەر گوناهەکانت قورسییان خستە سەر شانت، هێشتا دەرگایەک هەیە دانەخراوە. ئەگەر ملیۆنان مرۆڤ لێرە جێگەیان بووەوە، دڵنیابە لە ناو ڕەحمەتی خوداشدا جێگەی تۆ دەبێتەوە.

خودایە.. وەک چۆن ئەم جەستانەت لێرە کۆکردەوە، دڵەکانیشمان لەسەر چاکە و خۆشەویستی و پاکی کۆبکەرەوە. بمانکە بەو مرۆڤەی کە خۆشت دەوێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە