وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: ئاماژەی ئەرێنی لەلایەن ئێرانەوە هەن و هەموو هەوڵێک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دەدەین
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێشهاتە نوێیەکانی پەیوەندیدار بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە واشنتن بەردەوامە لە کۆششەکانی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تیشکی خستە سەر جموجۆڵە دیپلۆماسییەکانی ئێستا و ئاماژەی بەوەکرد، بەرپرسانی وڵاتی پاکستن لەمڕۆوە گەشت دەکەن بۆ تاران بە مەبەستی گفتوگۆ، و لە ئێستاشدا هەندێک نیشانە و ئاماژەی باش هەن کە نیشانی دەدەن لەم پڕۆسەیەدا پێشکەوتن بەدی هاتووە.
ڕۆبیۆ راشیگەیاند، واشنتن هەموو ئەو کارانەی لە توانادایە ئەنجامی دەدات لە پێناو دۆزینەوەی ڕێگەچارە و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گونجاو لەگەڵ ئێران.
مارکۆ ڕوبیۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هۆشداری دا لە هەر هەنگاوێک کە ببێتە ڕێگر لەبەردەم دیپلۆماسییەت، و باسی لە پێگەی وڵاتانی هاوپەیمانیش کرد و وتی”سەپاندنی هەر جۆرە سیستمێک بۆ وەرگرتنی باج یان ڕسوومات لە گەرووی هورمز، پڕۆسەی گەیشتن بە هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێراندا مەحاڵ و ئەستەم دەکات.”.
