بە فەرمی مۆڵەتی شوفێری دیجیتاڵی لەسەر KRDPass هاوشێوەی مۆڵەتی شوفێری بە شێوەی کارت هێزی یاسایی پێدرا.
بەیانی ژمارە (١١)ی ساڵی ٢٠٢٦ی وەزارەتی ناوخۆ، بە ناوی پەسەندکردنی مۆڵەتی شوفێری دیجیتاڵی لە رێگەى سەکۆى (KRDPass) بە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد دەرچوو.
رۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ١٩ی ئایاری ٢٠٢٦ بە نوسراوی ژمارە ١٤٥٨١/ک، وەزارەتی ناوخۆ، پاڵپشت بەو دەسەڵاتی هاتوو لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (٦)ى ساڵی ٢٠٠٩ و ئاماژە بە بەشی دووەم لە یاسای هاتووچۆی ژمارە (٨٦)ى ساڵی ٢٠٠٤ بەرکار لە هەرێمی کوردستان بە یاسای پەرلەمانی کوردستان ژمارە (٣٦)ى ساڵی ٢٠٠٧ هەموارکراو و لەپێناو ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان و بەرەوپێشبردن و پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان لە هەرێمی کوردستان و بەیانی ژمارە ژمارە (١١)ی ساڵی ٢٠٢٦ی وەزارەتی ناوخۆ، بە ناوی پەسەندکردنی مۆڵەتی شوفێری دیجیتاڵی لە رێگەى سەکۆى (KRDPass) دەرچواند. بەیانەکە لە پێنج ماددە پێکهاتووە و بەم جۆرەی خوارەوەیە:
ماددەی یەکەم:
مەبەست لە دەرچوواندنی ئەم بەیانە پەسەندکردن و بەفەرمی ناساندن و کاراکردنی مۆڵەتی شوفێری دیجیتاڵییە بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەى تەکنەلۆژیای زانیاری لە چوارچێوەی سەکۆی دیجیتاڵی (KRDPass).
ماددەی دووەم:
هەڵگرتن و خستنەڕووی مۆڵەتی شۆفێری، کە لە یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ بەفەرمی دەرچووە، لەلایەن شوفێرەوە لەکاتی داواکردنی لەلایەن ئەفسەر یان کارمەندی هاتووچۆ بە یەکێک لەم دوو شێوازەى خوارەوە دەبێت:
یەکەم: مۆڵەتی شوفێری بە شێوازی (کارت)
دووەم: مۆڵەتی شوفێری بە شێوازی دیجیتاڵی کە بەردەستە لەسەر سەکۆی (KRDPass) لەسەر ئامێرە زیرەکەکانى پەیوەندی.
ماددەی سێیەم:
هەڵگرتن و خستنەڕووی مۆڵەتی شۆفێری دیجیتاڵی هەمان هێزی یاسایی و خەسڵەتی مۆڵەتی شوفێری (کارت)ی هەیە بە گشت خەسڵەتە ئەلیکترۆنی و نیشانە تەکنیکییەکانییەوە کە لەلایەن فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیارییەوە دیاری کراون.
ماددەی چوارەم:
فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری هەڵدەستێت بە دیاریکردنی خەسڵەتە تەکنیکییەکان و شێوازەکانی پشتڕاستکردنەوەی ئەلیکترۆنی (Electronic Verification) بۆ مۆڵەتی شوفێری دیجیتاڵی، بە دابینکردنی بەرزترین ئاستی متمانە و پاراستنی زانیارییە بەردەستەکان بۆ رێگریکردن لە هەر شێوازێکی ساختەکاری.
ماددەی پێنجەم:
ئەم بەیانە لە ڕۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت و لە لە ڕۆژنامەی فەرمیی (وەقایعی کوردستان) بڵاو دەکرێتەوە.
