شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت، بارانێكی باش باریوە لەم شەپۆلەدا و سبەی شەویش دەستپێدەكاتەوە و دەشڵێت: ئەم كەشە فێنكە تاكو جەژن بەردەوام دەبێت.
زەكەریا كانی پاشایی، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، زۆر سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە، كە بارانی بەرەحمەت بەشێکی زۆریی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە و ئەمشەویش ناوبەناو بەردەوامی دەبێت.
ڕاشیگەیاند، کەشەکەی وەک زستان وایە، سارد و کەشێکی تایبەتی هەیە و پێشبینی ئەمساڵیشمان زۆر تەواو دروست بووە.
وتیشی، “سبەی 20ی مانگ لە ناوچە شاخاوییەکان باران دەبارێتەوە و لە ناوچە دەشتاییەکان هەور و خۆر دەبێت و باران بارین کەمێک لاواز دەبێت، بەڵام لەسبەی شەوەوە باران بارین دەست پێدەکاتەوە دووبارە ئەگەری باران بارین باشی هەیە”.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم کەشە فێنکە تاکو جەژن بەردەوامە و ڕۆژانی جەژنیش کەش و هەوا فێنک و خۆش دەبێت، بەڵام هیچ ئەگەری باران بارینی نیە.
