بێنتڵی دێوەزمەیەکی هایبرید ڕادەگەیەنێت

بێنتڵی نەوەیەکی نوێی لە کۆنتینێنتال ڕاگەیاند؛ دێوەزمەیەکی هایبرید لەبەرگێکی شاهانەدا.

کۆمپانیای بەناوبانگی بەریتانی “بێنتڵی” (Bentley) بە فەرمی فراوانکردنی خێزانی ئۆتۆمبێلە لوکسەکانی ڕاگەیاند و نەوەیەکی تەواو نوێی لە مۆدێلی “کۆنتینێنتال” (Continental) بە هەردوو وەشانی کۆپێ (کابینە داخراو) و کابریۆلێت (سەقفوەکراو/کراوە) ئاشکرا کرد. ئەم بەرهەمە نوێیە تێکەڵەیەکی بێخەوشە لە نێوان هێزی وەرزشی سەرشێتانە و لوتکەی خۆشگوزەرانی هاوچەرخدا.

بێنتڵی لەم نەوەیەدا پشتی بە سیستمێکی پێشکەوتووی هاندەری جۆری (هايبرد – Hybrid) بەستووە:

  • بزوێنەر: بزوێنەرێکی بەنزینی ٨ پستۆنی (V8) بە تۆربۆ چارجەری دوانە (Twin-Turbo) لەگەڵ بزوێنەرێکی کارەبایی پاڵپشت.

  • هێز و خێرایی: کۆی گشتی هێزی ئۆتۆمبێلەکە دەگاتە نزیکەی ٦٨٠ ئەسپ، کە توانای هەیە تەنها لە ماوەی ٣.٥ چرکەدا لە دۆخی وەستانەوە بگاتە خێرایی ١٠٠ کم/کاتژمێر، و خێراییە پێوانەییەکەی لە ٣٠٠ کم/کاتژمێر تێپەڕ دەکات.

  • لێخوڕینی بێدەنگ: ئۆتۆمبێلەکە دەتوانێت تەنها بە وزەی کارەبایی و بە تەواوی بە بێدەنگی مەودای ٨٠ کیلۆمەتر ببڕێت، ئەمەش وایکردووە بۆ ناو شارەکان و لێخوڕینی ڕۆژانە بێوێنە بێت.

ئۆتۆمبێلە نوێیەکە سیستمی شاسییە پێشکەوتووەکانی لە وەشانە هەرە بەهێزەکانی کۆمپانیاکە وەرگرتووە. ئەم سیستمە تایبەتمەندی ئاڕاستەکردنی تایەکانی دواوە (Rear-wheel steering) و سیستمی چالاکی دژە قڵپبوونەوە لەخۆدەگرێت، لەگەڵ بەشکارەوانی ئەلیکترۆنی (eLSD) بۆ دابەشکردنی ژیرانەی هێز بەسەر تایەکاندا، ئەمەش وا دەکات ئۆتۆمبێلەکە لە پێچە توندەکاندا سەرەڕای قورسایی کێشەکەی، یەکجار چالاک و جێگیر بێت.

لەلایەنی دیزاینەوە، ئۆتۆمبێلەکە خاوەنی ڕووکارێکی تیژتر و توڕەترە. بەکارهێنانی ڕەنگە تاریک و ماتەکان سیمایەکی وەرزشی بەهێزی پێداوە، لەوانە:

  • تۆڕی پێشەوەی ڕەشی بریقەدار و لۆگۆ تاریکەکان.

  • ئاوێنەی لایەنی ڕەشی شاهانە و گزۆزی وەرزشی گەورە.

  • ویلی گەورەی ٢٢ ئینچی فرە تەقەڵ لەگەڵ بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆجیای ڕووناکی لایتەکان.

لە ناوەوەدا، بێنتڵی پارێزگاری لە ڕەسەنایەتی و لوکسی خۆی کردووە، بەڵام بە شێوازێکی مۆدێرن:

  • چەرمی سروشتی گرانبەها بە دیزاینی دوو ڕەنگی جیاواز لەسەر کوشن و سوکانەکە نەخشێنراوە.

  • کڕیار دەتوانێت نەخشەسازیی ناوەوە بە کەرەستەی کێش سووکی وەک فایبەری کاربۆن (Carbon Fiber) بڕازێنێتەوە بۆ بەرزکردنەوەی هەستی وەرزشی بەبێ دەستکاریکردنی کەشی لوکس و شاهانەی ناو ئۆتۆمبێلەکە.

 بێنتڵی بەم هەنگاوە هاوکێشەیەکی نوێی بۆ جیهانی ئۆتۆمبێل هێنایە کایەوە؛ کە تێیدا هێزی بێبەزەیی ئۆتۆمبێلە وەرزشییەکان و هێمنیی بزوێنەرە ژینگەییەکان لەناو یەک چوارچێوەی شاهانەدا کۆدەبنەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە