جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق وەک بەرنامەی هەمیشەیی لە نێوان ١٨ بۆ ٢٥ی هەموو مانگێکدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکات و جەختیش دەکاتەوە، کە بەهۆی هاتنی جەژنی قوربان و پێویستی بازاڕ و هاووڵاتیان، پێویستە حکومەت مووچەی مانگی پێنج پێش جەژن دابەش بکات.
جەمال کۆچەر سەبارەت بە پرسی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە ماوەی 10 ساڵە ڕاگیراوە، ئاشکرای کرد، کە دادگای فیدراڵی بڕیاری داوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاوتای بەغداد بێت و پلەبەرزکردنەوەیان بۆ ئەژمار بکرێت.
وتیشی: “پلەبەرزکردنەوە نزیکەی ٥٠ بۆ ٦٠ ملیار دینار دەخاتە سەر کۆی گشتی تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم، بەغدادیش ئامادەیە ئەو پارەیە بنێرێت، بەڵام کێشەکە لە هەولێرە؛ چونکە تا ئێستا لیستی وردی فەرمانبەرانی بەپێی پلە و سەرمووچە و بە ‘کۆدی’ نوێوە ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق نەکردووە”.
بە وتەی جەمال كۆچەر، “ئەگەر هەرێم داتا نەنێرێت، بەغداد پارە نانێرێت، وەک چۆن لە مانگی ڕابردوودا بەهۆی دواکەوتنی داتاکانی هەرێمەوە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دواکەوت”.
ناوبراو دڵنیایی دا کە “لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی، جەخت لەوە کراوەتەوە کە مووچەی تەواوی ئەمساڵ دابینکراوە و هیچ مەترسییەک لەسەر بودجەی مووچە نییە”.
