بەدرۆن هێرشکرایە سەر وێستگەیەکی ئەتۆمی لە ئیمارات

ئیمارات.. کۆنترۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەیەک لە نزیک وێستگەی ئەتۆمیی “بەرەکە” بەهۆی هێرشێکی درۆنەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەبوزەبی ڕایگەیاند، تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە ئاگرێک کۆنترۆڵ بکەن کە بەهۆی هێرشێکی درۆنەوە لە مۆلیدەیەکی کارەبایی، لە دەرەوەی وێستگەی وزەی ئەتۆمیی “بەرەکە” کەوتبووەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی یان مەترسیی تیشکیی لێ بکەوێتەوە.

نووسینگەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکان بە سەرکەوتوویی و لە کاتێکی پێوانەییدا مامەڵەیان لەگەڵ ئاگرەکەدا کردووە، کە لە مۆلیدەیەکی کارەبایی دەرەوەی چوارچێوەی سەرەکیی وێستگە ئەتۆمییەکە ڕوویدابوو، هۆکاری ڕووداوەکەشی بۆ بەئامانجگرتنی لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) گەڕاندووەتەوە.

سەلامەتیی وێستگەکە جێگیرە

لای خۆشیانەوە، دەستەی فیدراڵیی بۆ چاودێریی ئەتۆمیی ئیمارات (FANR) دڵنیایی داوە کە ڕووداوەکە هیچ جۆرە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر سەلامەتیی گشتیی وێستگەکە یان سیستەمەکانی کارکردنی نەکردووە.

دەستەی فیدراڵیی بۆ چاودێریی ئەتۆمی:

“ئاستی سەلامەتیی تیشکی لە ناوچەکەدا بە تەواوی جێگیرە و هیچ زیانێکی گیانی یان دزەکردنی تیشکاوی تۆمار نەکراوە، وێستگەکەش بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە لە کارەکانی.”

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە