لە سبەینێ دووشەممەوە شەپۆلێکی نوێی چڕی خۆڵبارین ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن.
سالار حاجی عەلی، شارەزا لە بواری کەشناسی بە “تۆڕی میدیایی خەڵک”ی ڕاگەیاند: ماوەی 17 تا 20ی ئایاری 2026، شەپۆلێکی خۆڵبارینی چڕ ڕوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.
باسی لەوەشکرد: ئەم شەپۆلە زیاتر باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەگرێتەوە و بۆ سبەینێ دووشەممە، دەگاتە باشوور و ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان، کە جۆری خۆڵبارینەکە تۆزی بیابانی وردە (Desert Dust) کە لە بیابانەکانی عەرەبستان و سووریاوە هاتووە.
وتیشی: خێرایی با لە کاتی شەپۆلەکەدا 25 بۆ 40 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت، ئاڕاستەی با لە باکووری ڕۆژئاوا لە باشورەوە دێت کە هۆکاری گواستنەوەی تۆزە بەرەو ناوچەکان، پلەکانی گەرما لە ناوچە کاریگەرەکاندا لە نێوان 35 بۆ 38 پلەی سەدی دەبێت لە ناوەندی ڕۆژدا، لە ناوچە شاخاویەکان لە سەرووی 15 پلەوە بۆ نزیکەی 30 پلە دەبێت.
ئەو کەشناسە کوردە هۆشداریشی دا لەوەی کە خۆڵبارینەکە کاریگەری زۆری لەسەر تەندروستی هاووڵاتییان دەبێت، بەتایبەت نەخۆشانی کۆ ئەندامی هەناسەدان وەک سییەکان.
ئەوەشی خستەڕوو: داوا لە هاووڵاتییان دەکەین دەرگا و پەنجەرەکان دابخەن، ئەگەر کارێکی پێویستتان نەبێت نەچنە دەرەوە، هەروەک پێویستە شۆفێرانیش خێرایی کەم بکەنەوە و ئاگاداری کەمی بینایی بن.
