گەڕێكی تری بانگدان لە ماڵتا، (لە بارەی پشكی بودجە و دەسەڵاتی دارایی هەرێمەوە)

جیهانگیر سدیق گوڵپی

سەرەڕای سەرجەم بەربەستەکان، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق پێکهێنرا، ئەمەش بە پێچەوانەی بارودۆخی هەرێمی کوردستانەوە کە هێشتا نە پەرلەمانەکەی کارا کراوەتەوە و نە کابینەی نوێی حکوومەتیش پێکهێنراوە.

بە شێوەیەکی گشتی، دیمەنی سیاسی و ئابووریی عێراق بەدەست ناڕوونیی ستراتیژی و نادیاریی ئاسۆی داهاتووەوە دەناڵێنێت، بە جۆرێک کە قەبارەی هەڕەشە و ئاڵنگارییەکانی بەردەمى زۆر زیاترن لە دەرفەتەکان.

لە نێو ئەم تەمومژە سیاسییەدا، تاکە هێڵێکی دیار و پێشبینیکراو، بریتییە لە بەردەوامیی هەڵوێستە توند و سیاسەتە ناوەندگەراکانی بەغدا بەرانبەر بە هەرێم، کە ئەگەری زیاترە دۆخی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەرەو خراپتر ببەن.

ئێمە بەدرێژایی زیاتر لە دە ساڵی ڕابردوو و بەرلەوەی کێشەکان وەک ئێستا بەشێوەی هەرەسی بەفر بەرەو ڕووی هەرێم ببنەوە، لەگەڵ غلۆربوونەوەی هەر کلۆ بەفرێکی ئەو کێشانە قسەمان دەکرد و لەگەڵ دانانی هەر تەڵە و لوغمێک و نەخشەکێشان بۆ دروستکردنی هەر گرفتێک زیاتر لە جارێک و دووان و سیان هۆشداریمان دەدا، ئێمە بەدرێژایی ئەو ساڵانە وەک بانگبێژەکەی ماڵتامان لێ هاتبوو.

خەوشی ئەو بابەتانە زۆرەو سەربوردەی گرفتەکەیش دوور و درێژە، بۆیە هەڵیدەگرین بۆ کاتێکی تر .

لێرەدا تەنها لەسەر ئەو هەنگاوە نوێ و مەترسیدارانەوە ڕادەوەستین کە بە ئەگەری زۆرەوە لەم چەند ساڵەی داهاتوودا بەغدا کاریان لەسەر دەکات و ڕووبەڕووی هەرێمیان دەکاتەوە، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی هەر کەسێک سەرۆکی حکوومەت یان وەزیری دارایی عێراق بێت.

1-  بەغدا جگە لەوەی کە زۆرینەی هەرە زۆری داهاتە نانەوتییەکان بە داهاتی ئیتیحادی و بە مافی خۆی دەزانێ، ویستی ئەوەیشی هەیە بەجۆرێک لەجۆرەکان کاربکات بۆ ئەوەی خۆی ڕاستەوخۆ ئەو داهاتانە وەربگرێت، ئەمە تەنها بە داهاتی گومرگەکانەوە ناوەستێت کە دەیەوێ لە ڕێگەی سیستمی ئەسیکۆداوە بە ئەنجامی بگەیەنێت، بەڵکو نیازی هەیە بۆ باج و ڕسومات و هەموو ئەو داهاتانەی بە ئیتیحادیان دەزانێ ئەو هەنگاوە بگرێتەبەر یان لانی کەم ئەو خواستە بکاتە کارتی گوشار بۆ گێچەڵکردن بە هەرێمی کوردستان.

2-  بەغدا دان بەو خەرجییانەدا نانێت کە حکوومەتی هەرێم لەسەر داهاتە نانەوتییەکانی خۆی ئەنجامیان دەدات، بەڵکو دەیەوێ دەسەڵاتی خەرجکردن لە بچووکترینەوە تا گەورەترینی لە حکوومەتی هەرێم وەربگرێتەوە، هەر خەرجکردنێک ببەستێتەوە بە ڕەزامەندیی وەزارەتی دارایی عێراق لەو بوارانەی کە ئەو وەزارەتە پەسەندی دەکات، تا ئەو ڕادەیەیشی کە زۆرینەی هەرە زۆری ئەو داهاتانە لەلایەن بەغدارە وەربگیرێن یان بگەڕێنرێنەوە بەغدا و پاشان لەوێوە بەپێی ویست و ڕەزامەندی بەغدا بۆ هەرێم تەرخان بکرێنەوە و تەمویل بکرێنەوە.

3-  بەغدا هەمو زەوی و موڵک و هەبووە ناداراییەکانی هەرێمیش هەر بە موڵکی حکوومەتەکەی خۆی دەزانێ و دەیەوێ دەسەڵاتی بەکارهێنان و سوودوەرگرتنیان لە هەرێم وەربگرێتەوە، لە داهاتوودا ئەگەری هەیە کاری زۆر بۆ ئەو مەبەستە بکات و چوارچێوەی یاسایشی بۆ ساز بکات، چونکە ئەو چوارچێوە یاساییەی ئیستە پشتی پێ دەبەستێت بریتییە لە یاساکانی سەردەمی بەعس و ئەگەرێک هەیە کە نەتوانێ ئەم ویستە بەو یاسایانە بسەپێنێ، هەرچەند ئەو ئەگەرەیش بەهێز نییە و پێشتر بەغدا بە پشتبەستن بەو جۆرە یاسایانە توانیویەتی بەشێک لەو خواستانە بسەپێنێ کە لەگەڵ فیدراڵیەت و دەستور ناگونجێن.

4-  لەم سەرو بەندەدا مووچە بەتەواوی نابڕدرێت و بەتەواوی و ڕێکوپێکیش نادرێت، بەغدا وەک ماف سەیری مووچە ناکات بەڵکو وەک قەرزەکەی شایلۆک بەکاری دەهێنێ و، باجەکەی قورس دەبێ لەسەر هەرێم.

5-  بەغدا پێی وایە هەرچی سامان و دارایی هەرێمە موڵکی حکوومەتی عێراقە و هەرێم بەناڕەوا هەڵسوکەوتی پێوەکردووە، ئەوەی هەرێم ڕاستەوخۆ بەکاریهێناوە لەگەڵ ئەوەی کە لە بەغداوە بۆی نێردراوە هەموویان پێکەوە قەرزن لەسەر حکوومەتی هەرێم، خوێنەکەی سیاوەشن و وشک نابنەوە تاکو تۆڵەیان لە هەرێم نەکاتەوە.

6-  دەسەڵاتی خەرجکردنی ڕاستەوخۆی مووچە لە بەغداوە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە ئەو هەنگاوە گەورانەن کە بەغدا بڕیونی بۆ بەناوەندیکردنەوە، بەغدا بەوەندەیش ناوەستێ. واتە ئێستا هەموو سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی و خودی زەوی و هەموو هەبوە ناداراییەکانی تر و هەموو سەرچاوەکانی داهات لە باج و گومرگ و ڕسوماتەکان و هەموو دەسەڵاتەکانی خەرجکردن لەلایەن بەغداوە نیشانەیان لێ گیراوە و کاریان لەسەر دەکرێ و هەنگاویشیان بۆ نراوە بۆ بەناوەندیکردنەوەی تەواوەتیان. ئەمە جۆرێکە لە ناوەندگەرایی کە لە سەرانسەری دنیا و لەناو دەوڵەتە سادە و ناوەندییەکانیشدا وێنەی نییە.

7-  هەوڵی تەنگپێهەڵچنین لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان لەلایەن بەغداوە بەردەوامیی دەبێت.

8-  ناکۆکییە قووڵەکانی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمیش بوونەتە پاژنەی ئەخیلی کورد.

*  (بانگبێژەکەی ماڵتا) ئیدیۆمێکی باوە بەتایبەت لە زمانی عەرەبیدا بۆ کەسێک بەکاردێت کە کارێک دەکات یان قسەیەک دەکات بەبێ ئەوەی کەس گوێی لێ بێت یان گرنگی پێ بدات. چیرۆکی پشت ئەم ئیدیۆمەیش چەند گێڕانەوەیەکی هەیە، باوترینیان ئەوەیە کە زیاتر لە 100 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ ئینگلیزەکان چەند کەسێک لە سیاسی و پیاوانی ئایینی لە میسرەوە دووردەخەنەوە بۆ دورگەی ماڵتا، کاتی نوێژ دێت و خێرا یەکێک لە پیاوە ئایینیە میسرییە دوورخراوەکان بە دەنگی بەرز دەست دەکات بە بانگدان، بەڵام نە کەس گوێی لێ دەگرێ و نە کەس بەدەنگ بانگەکەوە دێ و نە هیچ بایەخی پێ دەدرێ، چونکە دەمێکە موسڵمانان لەوێ نەماون.

* (پاژنەی ئەخیل) وەک ئیدیۆم ئاماژەیە بۆ خاڵی هەرە لاواز، سەرچاوەکەی ئەفسانەیەکی گریکییە

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە