وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند، کە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانیویانە شەوی ڕابردوو هێرشێکی بەرفراوانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینا پوچەڵ بکەنەوە و سەدان درۆن تێکبشکێنن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند: سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی توانیویانە 556 درۆنی ئۆکراینی لە جۆری (باڵ-جێگیر) لە ئاسمانی زیاتر لە 12 ناوچەی جیاوازی وڵاتەکەدا ڕاو بکەن و تێکیانبشکێنن.
ئەمە یەکێکە لە گەورەترین هێرشە درۆنییەکانی ئۆکراینا بۆ سەر قووڵایی خاکی ڕووسیا لەوەتەی دەستپێکردنی جەنگەوە، کە تیایدا مۆسکۆ جەخت لەوە دەکاتەوە زۆربەی ئامانجەکان پێش گەیشتنیان بە شوێنی مەبەست تێکشێندراون.
