فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا دیراسەی گرتنەبەری رێکاری یاسایی و سیاسی دژی هەڵنەبژاردنی رێباز حەملان دەکات، پەرلەمانتارێکی حزبەکە دەڵێت: سەرۆکایەتیی پەرلەمان سەرپێچیی یاسایی کردووە.
سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، لە کاتی پرۆسەی دەنگدان بە وەزیرەکان لە پەرلەمانی عێراق، سەرۆکایەتیی پەرلەمان چەندین جار سەرپێچی یاسایی کردووە و پرۆسەکە بە شێوەیەکی یاسایی بەڕێوە نەچووە.
لەبارەی هەڵنەبژاردنی رێباز حەملان دەڵێت: سەرۆکی پەرلەمان لە ماوەیەکی کورتدا بڕیاریدا ناوبراو دەنگی پێویستی بەدەست نەهێناوە.
بە وتەی سیپان شێروانی، “ئەوان پێیان وایە رێباز حەملان دەنگی پێویستی بەدەست هێنا، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان هەموو دەنگەکانی هەژمار نەکرد”.
ئاماژەی بەوەشکرد، پەرلەمان دەزگایەکی یاسایی و دەستوورییە و نابێت بە میزاجی کەسی و لەژێر هیچ جۆرە فشارێکدا بڕیار بدات”.
راشیگەیاندووە، ئەوان وەک فراکسیۆنی پارتی، دیراسەی گرتنەبەری رێکاری یاسایی و سیاسی پێویست دەەکەن دژی هەڵنەبژاردنی رێباز حەملان و کۆی پرۆسەی دەنگدان بە وەزیرەکان لە پەرلەمان.
