لە یەکەم کۆبوونەوەی کابینەکەیدا؛ عەلی زەیدی بڕیار و ڕێنمایی نوێی دەرکرد.
ئەمڕۆ شەممە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق سەرۆکایەتی یەکەم کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران گوێبیستی سەرنج و تێبینی وەزیرەکان بوو سەبارەت بە دۆخی وەزارەتەکان و نەخشەی کارنامەی نوێی حکومەت کە ئامانجی سەرەکی گەشەپێدانی ئابووری و خزمەتگوزارییە.
عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک ڕێنمایی و بڕیاری گرنگی ئاڕاستەی وەزیرەکان کرد کە گرنگترینیان ئەمانەن:
داڕشتنی سیاسەتێکی ئابووری گشتگیر بۆ وڵات و دامەزراندنی “ئەنجومەنی سەقامگیریی دارایی”.
گۆڕینی وەزارەتی نەوت لە تەنها وەزارەتێکی فرۆشتنی نەوتی خاوەوە بۆ وەزارەتێکی خاوەن بەهای زیادکراو بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و هەناردە.
ئامادەکردنی دوو پلان بۆ کەرتی کارەبا؛ پلانێکی خێرا بۆ وەرزی هاوینی ئەمساڵ و پلانێکی درێژخایەن بۆ پەرەپێدانی تۆڕەکە.
پەیوەندییەکان و گواستنەوە:
خێراکردنی پرۆسەی گۆڕانی دیجیتاڵی گشتگیر (حوكمەت و ئەلەکترۆنی) لە دامودەزگاکاندا.
کارکردنی چڕوپڕی وەزارەتی گواستنەوە بۆ جێبەجێکردنی “ڕێگای گەشەپێدان” (طريق التنمية) و بەستنەوەی عێراق بە زنجیرەی بازرگانی جیهانییەوە.
سیاسەتی دەرەوە و تەندروستی:
وەزارەتی دەرەوە ڕاسپێردرا بە ئامادەکردنی ڕەشنووسێکی خێرا بۆ کاراکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دەوروبەری عەرەبی، هەرێمی و نێودەوڵەتی.
وەزارەتی تەندروستی ڕاسپێردرا بە کاراکردنی یاسای “دڵنیایی تەندروستی” (الضمان الصحي).
گرنگترین خاڵەکانی کارنامەی ناوخۆیی وەزارەتەکان:
ئاشکراکردنی دارایی: سەرجەم وەزیرەکان پابەندکران کە لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەستۆپاکی (کەشفی زیمەی دارایی) خۆیان پێشکەش بکەن.
قەدەغەکردنی گۆڕانکاری: ڕێگری کرا لە هەر گۆڕانکارییەکی وەزیفی یان گۆڕینی پێکهاتەی (هەیکەلیەتی) وەزارەتەکان لە ئێستادا.
پلانی ٣٠ ڕۆژە: وەزارەتەکان دەبێت لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا ئەولەویەتەکانی خۆیان بۆ جێگیرکردن لە بەرنامەی حکومەتدا دیاری بکەن.
بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی: لایەنەکان پابەندکران بە هاوکاریکردنی دەستەی دەستپاکی و کارکردنی چڕ بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانی عێراق لە دەرەوە، لەگەڵ دوورخستنەوەی دامەزراوە فەرمییەکان لە ململانێی حزبی و سیاسی.
پەیوەندی لەگەڵ باڵیۆزەکان: کۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزە بیانی و عەرەبەکان دەبێت تەنها لە ڕێگەی ڕێکارە فەرمییەکان و بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی دەرەوە بێت.
خزمەتگوزاری و کارئاسانی: پەیڕەوکردنی سیستمی “پەنجەرەی یەکدەست” بۆ وەبەرهێنەران، کەمکردنەوەی ڕۆتین لە مامەڵەی هاووڵاتیاندا، و سەردانی مەیدانی وەزیرەکان بۆ بینینی کێشەکان لە نزیکەوە.
