لە یەکەم وتاریدا؛ عەلی زەیدی بەڵێنی چاکسازیی گشتگیر دەدات و پرسی کورد فەرامۆش دەکات.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، ڕاستەوخۆ دوای دەستبەکاربوونی فەرمی، یەکەمین پەیامی ئاڕاستەی ڕای گشتی کرد. زەیدی لە وتارەکەیدا بەڵێنی ئەنجامدانی چاکسازیی هەمەلایەنە و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دا، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر نەکرد.
عەلی زەیدی لە سەرەتای پەیامەکەیدا دانی بەوەدانا، کە عێراق لەمێژە بەدەست ئاڵەنگاری و قەیرانی قورسی ئابووری و خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێت، ئەمەش سەرەڕای بوونی سەرچاوەی بەرفراوانی داهات لە وڵاتەکەدا. ڕاشیگەیاند: “ئەولەویەتی لەپێشینەی حکومەتەکەم، دەستپێکردنی بەرنامەیەکی گشتگیرە بۆ چاکسازیی ئابووری و دارایی، بە ئامانجی بنیاتنانی ئابوورییەکی نیشتمانی بەهێز و هەمەچەشن کە تەنها پشت بە یەک سەرچاوەی داهات (نەوت) نەبەستێت.”
سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق هۆشداری توندی لەسەر پرسی گەندەڵی دا و جەختی کردەوە، کە ئەم دیاردەیە لە پێشەنگی کارنامەی حکومەتەکەیدا دەبێت، وتیشی: “گەندەڵی چیتر تەنها کەموکوڕییەکی ئیداری نییە، بەڵکو بووەتە بەربەستێکی سەرەکی لەبەردەم گەشەپێدان و دواخستنی پێشکەوتنی میللەت.”
زەیدی بەڵێنی دا کە حکومەتەکەی بە شەفافییەتەوە ببێتە حکومەتی دامەزراوەکان و کار بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری بکات، ئەوەش لە ڕێگەی دەستپێکردنی پڕۆژەی بەرهەمدار و گەشەپێدان لە پارێزگا جیاوازەکاندا بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی ئابووری و کۆمەڵایەتی.
نەبوونی ناوی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەی زەیدیدا بووەتە جێگەی سەرنجی چاودێران؛ چونکە هەرچەندە ناوبراو لە ماوەی ڕابردوودا و بۆ مەبەستی پێکهێنانی حکومەتەکەی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو و لەگەڵ سەرکردە کوردەکان کۆبووەوە، بەڵام لەم یەکەمین پەیامە فەرمییەیدا بە تەواوی باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا نەکرد و هیچ ئاماژەیەکی بە پرسی کورد نەدا.
