ڕۆژی شەممە 16ی ئایاری 2026، مەسعود بارزانی، پێشوازی لە بەڕێز مەتڕان میرۆسلاڤ ڤاچۆڤسکی، باڵیۆزی نوێی ڤاتیکان لە عێراق کرد و ڕایگەیاند، پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن لە هەرێمی کوردستان بوەتە کولتوور و کوردستانیان شانازی پێوە دەکەن.
بارەگای بارزانی بڵاویكردەوە، باڵیۆزی نوێی ڤاتیکان دڵخۆشیی خۆی بۆ سەردانی هەرێمی کوردستان نیشاندا، و سوپاس و پێزانینی ڤاتیکانی گەیاندە بارزانی و خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە “لە کاتی تەنگانەدا بە هانای خەڵکی لێقەوماوی ناوچەکانی دیکەی عێراق دا هاتن و دەرگاکانی هەرێمی کوردستانیان بۆ کردنەوە و پاڵپشت و هاوکاریان بوون بە تایبەت بۆ کریستیانەکان”.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، باڵیۆزی نوێی ڤاتیکان دڵخۆشی خۆی نیشاندا بەو فەرهەنگی پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردنەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە و پێکهاتەکان هەست بە ئاسوودەیی و ئاسایش دەکەن و درێژە بە ژیانیان دەدەن.
باڵیۆزی ڤاتیکان سوپاس و پێزانینی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبوو کە پاڵپشت بوو بۆ بنیاتنانی زانکۆی کاتۆلیکی و نەخۆشخانەی عەنکاوە و چەندین قوتابخانەی تایبەت بۆ کریستیانەکان تا بتوانن بە زمانی دایک بخوێنن.
لە بەشێکی تری دیدارکەدا، باڵیۆزی ڤاتیکان باسی لە دوا سەردانی مەسعود بارزانی بۆ ڤاتیکان و دوایین سەردانی قەداسەتی پاپا فڕانسیس، پاپای پێشووی ڤاتیکان بۆ هەرێمی کوردستان کرد.
لای خۆیەوە بارزانی وێڕای پیرۆزبایی بۆ دەستبەکاربوونی وەک باڵیۆزی نوێی ڤاتیکان، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا و پشتگیری خۆی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی دووپاتکردەوە.
بارزانی جەختی لە پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن لە هەرێمی کوردستان کردەوە، کە بوەتە کولتوور و کوردستانیان شانازی پێوە دەکەن و ڕایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەن کە ئەم کولتوورە بەردەوامبێت و پەرەی پێ بدرێت.
بارزانی تیشکی خستە سەر قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە کاتی شەڕی تیرۆرستانی داعش لە پێناو پاراستنی هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بە بێ جیاوازی، لەو پێناوەشدا ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە شەهید و برینداربوون بۆ پاراستنی خاک و خەڵکی ناوچەکە بەبێ جیاوازی.
بارزانی سوپاسی قەداسەتی پاپا و حکومەتی ڤاتیکانی کرد بۆ پاڵپشتی بەردەوامیان لە هەرێمی کوردستان، و پێزانینی هەبوو بۆ ئەو پێشوازییەی لە دوایین سەردانیان بۆ ڤاتیکان لێیان کرا، و هیوای خواست قەداسەتی پاپای ڤاتیکان لە داهاتوودا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.
