نرخی ئۆتۆمبێل لە بازاڕەكانی كوردستان و عێراق ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە، بازرگانێكی ئۆتۆمبێل دەڵێت، هۆكارەكەی بۆ عێراق دەگەڕێتەوە كە گومرگی زیاد كردووە.
عێراق بە ئامانجی ڕێگریکردن لە فێڵی باج، پێناسی گومرگی هەموار کردەوە و باجی لەسەر کاڵا لاوەکییەکانی وەک زێڕ (کردی بە ٥٪) و ئۆتۆمبێل (لە ١٥٪ـەوە دەستپێدەکات) زیاد کرد.
هێمن شێروانیك كە بازرگانێكی ئۆتۆمبێلە، راگەیاند، نرخی ئۆتۆمبێل ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە. ئۆتۆمبێلێكی چینی كە پێشتر بە 116 وەرەقە بوو، ئێستا بە 125 وەرەقە دەفرۆشرێت و زۆریش كەمە، ئەو شەڕەشی لە ناوچەكە هەیە وایكردووە هێنانی ئۆتۆمبێل تێچووی زیاتر بێت.
بەپێی نوێترین بڕیاری عێراقیش كە دەستەی گشتیی گومرگ لە جێبەجێكردنی پێناسی نوێی گومرگی دیاریی كردووە، تێیدا باجی ئۆتۆمبێل لە 15٪وە دەست پێ دەكات.
بەگوێرەی بڕیارێكی نوێی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق، گۆڕانكاریی لە پێناسی گومرگیی چەند كاڵایەكدا كراوە، بڕیارەكە كە بە بڕیاری ژمارە 957ی ساڵی 2025 ناسراوە، لە تشرینی ساڵی ڕابردووەوە دەرچووە و بازرگانان پێشوەختە لێی ئاگادار كراونەتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستەكە ئاشكرای كردووە، ڕێژەی باج لەسەر ئۆتۆمبێل لە 15%وە دەست پێ دەكات، بەگوێرەی جۆری ئۆتۆمبێلەكە و كارایی ژینگەیی (بەئۆتۆمبێلی هایبریدیشەوە) ڕێژەكە بەرز دەبێتەوە.
دەستەی گشتیی گومرگ ڕایگەیاندووە، کە بازرگانان پێشوەختە ئاگادار کراونەتەوە و ئەم بڕیارە ماددە خۆراکییەکان، دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان ناگرێتەوە.
هاوكات، ئەو بازرگانانەی لە سیستمی نێودەوڵەتیی “ئەسیکۆدا” تۆمارن، دەتوانن دۆلار بە نرخی فەرمی لە بانکی ناوەندی وەربگرن.
